ڕاپۆرتی کۆشکی سپی سەبارەت بە کۆبوونەوەی جۆو بایدن و سەرکردەکانی ئەوروپا لە بەرلین

دوایین نوێکردنەوە 2024-10-19 19:20:19 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

کۆشکی سپی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و ئۆلاف شوڵتز ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و کیەر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە بەرلین کۆبووەتەوە و ئەو سەرکردانەش پرسە سەرەکییە جیهانییەکانیان تاوتوێ کردووە. به پێی ئەم ڕاپۆرتە، سەرکردە  ئامادەبووەکانی ئەو کۆبوونەوەیە، جارێکی دیکه شەڕی ڕووسیایان له دژی ئۆکرانیا سەرکۆنە کردووە و پلانیان بۆ پێشکەشکردنی یارمەتی زیاتری سەربازی و ئابووری و مرۆیی بۆ ئۆکرانیا خستۆەتەڕوو. سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی هەینی لە گەشتێکی کورتدا بۆ ئەڵمانیا لەگەڵ هاوتا ئەوروپاییەکانیدا کۆبووەوە و تاوتوێی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستییان کرد. بایدن لە ماوەی سەردانەکەیدا بۆ ئەڵمانیا هانی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەوروپا و ئەمەریکایدا و خەڵاتی بەرزترین شەرەفی مەدەنی ئەڵمانیای وەرگرت لەسەر کارەکانی بۆ پەیوەندییەکانی نێوان ئەوروپا و ئەمەریکا، هەروەها سوپاسی ئەڵمانیای کرد. سەرۆک بایدن سەبارەت بە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیاش وتی " ئێمە بەرەو زستانێکی زۆر سەخت دەڕۆین. نابێت کۆڵ بدەین. دەبێت پشتیوانییەکانمان بهێڵینەوە. بە بۆچوونی من ئێمە دەبێت بەردەوام بین تاوەکو ئۆکرانیا دادپەروەرییەک و ئاشتییەکی بەردەوام بە دەست دەهێنێت کە لەگەڵ پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بگونجێت، هەتاوەکو ئەو کاتەی شکۆی مرۆڤ سەردەکەوێتەوە." پشتیوانی بۆ ئۆکرانیا سەنگی سەرەکی بایدن بوو لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ سەرکردەکانی بەڕیتانیا و فەڕەنسادا، لەو کۆبوونەوانەدا سەرکردەکان تاوتوێی پلانی سەرکەوتنی ئۆکرانیایان کرد کە لەلایەن سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکییەوە خراوەتەڕوو. وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جۆن کێربی وتی " ئێمە پشتگیری لە پلانەکەی سەرۆک زێلێنسکی دەکەین بۆ ئاشتییەکی دادپەروەرانە. زۆر گرنگە ئەو ئاشتییە هەرچۆنێک بێت دەبێت ئەو و گەلی ئۆکرانیا ڕەزامەندی لەسەر دەرببڕن." سەبارەت بە شەڕەکەی ناو غەززەش، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی " مردنی سەرکردەکەی حەماس ( یەحیا سینوار ) ساتێکی دادپەروەرییە. خوێنی ئەمەریکاییەکان و ئیسڕائیلییەکان و فەلەستینییەکان و ئەڵمانیاییەکان و زۆرێکی دیکەی لەسەر دەستی ئەون. دوێنێ بە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیلم وت با ئەم ساتە بکەین بە دەرفەتێک بۆ هەوڵدان بۆ ڕێگەی ئاشتی، داهاتوویەکی باشتر لە غەززە بەبێ حەماس." ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵزیش وتی " بە هیوای ئەوەین کە مردنی سەرکردەی حەماس یەحیا سینوار کە بەرپرس بووە لە هێرشە تیرۆریستییە دڕندانەکە، ئەگەرێکی بەرجەستە دروست بکات بۆ ئاگربەستێک لە غەززە، ڕێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە لەلایەن حەماسەوە گیراون."