لە ئەمەریکا تەرمێک لە کاتی نەشتەرگەری بۆ بەخشینی ئەندامەکانی جەستەی، هۆشی هاتوەتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2024-10-19 22:50:19 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

پیاوێک لە ویلایەتی کێنتاکی ئەمەریکا کە سێ ساڵ پێش ئێستا دوای وەستانی دڵی بە وتەی پزیشکەکان تووشی مردنی مێشکیش ببوو، لە کاتی نەشتەرگەری بۆ بەخشینی ئەندامەکانی جەستەی، بە هۆش خۆی هاتوەتەوە. بەپێی هەواڵی میدیا ناوخۆییەکانی ویلایەتی کێنتاکی ئەمەریکا، دۆسیەی ئەم کەسە کە ناوی "ئەنتۆنی تۆماس هوڤەر"ە، دوای ماوەیەکی زۆر لەلایەن دەسەڵاتدارانی ویلایەتی و فیدراڵیەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت. ڕۆژی هەینی دۆسییەکە لەلایەن ڕادیۆی گشتی نیشتیمانی و کەناڵی هەواڵی کێنتاکییەوە بڵاوکرایەوە، دۆسییەکەی ئانتنی تۆماس هووڤەر لە ژێر لێکۆڵینەوەی بەرپرسانی ویلایەتی و حکومەتی فیدڕاڵدایە. بەرپرسانی سیستمی پەیداکردنی ئەندامەکانی لەش لە ئەمەریکا سوورن لەسەر ئەوەی کە ڕێکار هەیە بۆ ئەوەی ئەم جۆرە حاڵەتانە ڕوونەدەن، بەڵام خێزانەکەی هووڤەر بە ڕاگەیاندنەکانیان وتووە کە ئەمەی بەسەر ئەواندا هاتووە تیشک دەخاتە سەر پێویستییەکان بۆ لانیکەم چەند چاکسازییەک. خوشکەکەی هووڤەر، دۆنا ڕۆرەر، باسی لەوە کرد چۆن لە مانگی 10 ی ساڵی 2021 دا هووڤەر گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی باپتیست لە ڕیچمۆندی کێنتاکی بەهۆی زیادەڕۆییکردنەوە لە بەکارهێنانی مادەی هۆشبەردا. کەناڵی هەواڵی کێنتاکی وتی پزیشکەکان بە زوویی بە ڕۆرەر و کەسوکاری هووڤەریان وتووە کە هووڤەر مێشکی وەستاوە، دواجار بڕیارییاندا ئۆکسجینەکەی لەسەر لاببەن. گوایە کارمەندانی نەخۆشخانەی باپتیست دواتر بە ڕۆرەر و خێزانەکەیان وتووە کە هووڤەر مۆڵەتی داوە کە دوای مردنی ئەندامەکانی لەشی ببەخشرێن. بۆ ئەوەی ئەو خواستەی بهێننە دی، نەخۆشخانەکە پشکنینی بۆ ئەوە کردووە کە چ ئەندامێکی لەشی گونجاوە بۆ بەخشین، نەخۆشخانەکە تەنانەت بۆنەیەکیشیان ڕێکخستووە بۆ ڕێزلێنانی. دۆنا ڕۆرەر وتی چاوی هووڤەری بینیوە کراوەتەوە و سەیری جووڵەی ئەندامانی خێزانەکەی کردووە، وتی " پێیان وتین کە ئەوە تەنها جووڵەی خۆویستانەی ماسولکەکانیەتی، شتێکی ئاساییە." وتی " ئێمە چین تاوەکو گومان لە سیستمی تەندروستی بکەین؟" نزیکەی کاتژمێرێک دوای ئەوەی هووڤەر گواستراوەتەوە بۆ نەشتەرگەری تاوەکو ئەندامەکانی لەشی دەربهێندرێن، پزیشکێک هاتووەتە دەرەوە و وتوویەتی " هووڤەر ئامادە نییە." دۆنا ڕۆرەر وتی " هوڤەر خەبەری بووەوە." ڕۆرەر باسی لەوە کرد کە ڕێنمایی وەرگرتووە لەسەر ئەوەی براکەی بباتەوە بۆ ماڵەوە و وابکات هەست بە ئاسوودەیی بکات، هەرچەندە پێناچێت زۆر بژی. لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ڕۆرەر گرنگی بە براکەی داوە لە کاتێکدا کە هووڤەر کێشەی ڕۆیشتن و قسەکردن و بیرکەوتنەوەی هەبووە. کەناڵی هەواڵی کێنتاکی وتی ڕۆرەر لە مانگی یەکدا وردەکاریی تەواویی سەبارەت بە نەشتەرگەرییەکە لە نەخۆشخانەی باپتیست و ڕێکخراوی کۆدای بەخشینی ئەندامەکانی لەش زانیوە. ئەو کاتە بووە کە کارمەندێکی پێشووی کۆدا پەیوەندی پێوە کردووە پێش ئەوەی نامەیەک بنێرێت بۆ کۆمیتەیەکی کۆنگرێس لە مانگی نۆدا. نوسەری نامەکە باسی لەوە کردووە کە هووڤەر لە کاتی نەشتەرگەرییەکەدا " دەستیکردووە بە جووڵەکردن " لەسەر مێزی نەشتەرگەرییەکە و " بە ئاشکرا دیار بووە کە دەستی کردووە بە گریان." نەخۆشخانەی باپتیست لە وەڵامی کەناڵی کێنتاکی و ڕادیۆی گشتی نیشتیمانیدا وتی پارێزراویی نەخۆش لە ئەولەویەتیدایە و وتی " لە نزیکەوە لەگەڵ نەخۆشەکانمان و خێزانەکانییاندا کار دەکەین بۆ ئەوەی دڵنیا ببینەوە لەوەی کە خواستی نەخۆشەکانمان بۆ بەخشینی ئەندامەکانی لەشتییان جێبەجێ بکرێت." کۆداش وتی کە هەرگیز ئەندامی لەشی کەسێکی زیندووییان وەرنەگرتووە و هیچ کەسێکیش هەرگیز فشاری لێنەکراوە ئەو کارە بکات. ڕۆرەر بڕیاریدا چیرۆکی براکەی ئاشکرا بکات، وتی ئەوە شایەنی بڵاوکردنەوەیە ئەگەر "بوێرییەک بدات بە خێزانێکی دیکە تاوەکو قسە بکەن، یاخود ئەگەر ئەوە ببێتە هۆی ڕزگارکردنی ژیانی کەسێکی دیکە." ڕۆرەر بە کەناڵی هەواڵی کێنتاکی وت " هووڤەر هەوڵیدا بڵێت کە من لێرەم، بەڵام ئەوە پشتگوێ خرا. دواجار نەشتەرگەرییەکەیان ڕاگرت چونکە هووڤەر نیشانەی زیاتریدا لەسەر ئەوەی کە لە ژیاندا ماوە. لە ناو دڵمدا هەستم کرد کە شتێک هەڵەیە، بەڵام من کێم تاوەکو دژی سیستمی تەندروستی بوەستمەوە؟" سەرچاوە/NPR