سوپای ئیسرائیل کۆگاکانی چەک و بارەگای هەواڵگریی حزبوڵا دەکاتە ئامانج

دوایین نوێکردنەوە 2024-10-19 23:45:19 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ئاژانسی فرانس پرێس بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئەمنییەکان بڵاویکردەوە لانیکەم دوو هێرشی ئاسمانی لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ سەر ناوچەی باشووری بەیروت ڕۆژی شەممە ئەنجامدراوە. بەپێی ئەو وێنانەی ئەم ئاژانسە هەواڵییە بڵاوی کردۆتەوە، دوکەڵی ئەستوور لەو ناوچەیە بەرز بووەتەوە. سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند هێزی ئاسمانی وڵاتەکەی هێرشی کردووەتە سەر چەندین کۆگای چەک و بارەگایەکی فەرماندەیی هەواڵگریی سەر بە حزبوڵای لوبنان لە بەیروت. بەگوێرەی ڕاپۆرتی تایمزی ئیسرائیل ئەم هێرشە ئاسمانییانە لە زاحیە ئەنجام دراون کە دەکەوێتە ناوچەی باشووری بەیروت کە بارەگای حزبوڵای لوبنانی تێدایە،ئەمەش دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل خەڵکی سڤیلی ئاگادار کردۆتەوە کە ناوچەکە چۆڵ بکەن. هەروەها میدیاکانی دەوڵەتی لوبنان ڕۆژی شەممە ڕاپۆرتیان دا کە چوار کەس لە نێویاندا سەرۆکی شارەوانییەک لە ڕۆژهەڵاتی لوبنان کوژراون. بە پێی ڕاپۆرتەکان، لە هێرشی سەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری بەعلول لە ڕۆژهەڵاتی لوبنان، حەیدەر شەهلا، سەرۆکی شارەوانی گیانی لەدەست داوە. حەیدەر شەهلا دووەم سەرۆکی شارەوانی لوبنانە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوای هێرشەکانی ئیسرائیل کوژرا. پێشتر ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕۆژی چوارشەممە بە گێڕانەوە لە "دوو سەرچاوەی ئەمنی" ڕاپۆرتی دا کە لانیکەم 6 کەس لە نێویاندا سەرۆکی شارەوانی نەبەتیە لە هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر بینای شارەوانی ئەو شارە کوژراون.