لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، سێ فەرماندەی حزبوڵا دەکوژڕێن

دوایین نوێکردنەوە 2024-10-20 15:20:19 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە 20ی مانگی دە ناوەندێکی فەرماندەیی سەر بە هەواڵگریی حزبوڵا و کارگەیەکی ژێرزەمینی بەرهەمهێنانی چەکیان لە بەیروت کردە ئامانج. پێش هێرشەکە، سوپای ئیسرائیل خەڵکی سڤیلی ئاگادار کردبووەوە کە ناوچەکەی چۆڵ بکەن. لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە سێ فەرماندەی حزبەڵا، ئەلحاج عەباس سەلامە، یەکێک لە ئەندامانی پلە باڵای فەرماندیی ئەو گرووپە، ڕەزا عەباس عەوازە، شارەزای پەیوەندییەکان و ئەحمەد عەلی حسێن بەرپرسی پەرەپێدانی چەکی ستراتیژیی حزبوڵا، کوژراون. تا ئێستا دیار نییە ئەم سێ کەسە لە هێرشەکەی سەر بارەگای هەواڵگری حزبوڵا کوژراون یان لە ئۆپەراسیۆنی جیاجیادا کوژراون. تا ئێستا حزبوڵڵا هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە. میدیای دەوڵەتی لوبنان بڵاویانکردەوە کە دوو هێرشەکەی یەکشەممەی ئیسرائیل لە حارە حەریک و حەداس ئەنجامدراون کە هەموویان لە ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی حزبوڵای لوبنانن کە دەکەوێتە باشووری بەیروت لە زاحیە. سوپای ئیسرائیل هەروەها ڕایگەیاندووە کە ڕۆژی شەممە دەروازەکانی چوونە ژوورەوەی تونێلەکان و ژێرخانەکانی ژێر زەوییان لە باشووری لوبنان وێران کردووە و ڕۆژی هەینیش جێگری فەرماندەی ناوچەی بنت جوبەیلی حزبوڵای کوشتووە. هاوکات بەپێی بەیاننامەی سوپای ئیسرائیل، نزیکەی 70 مووشەک لە لوبنانەوە بەرەو ئیسرائیل ئاراستە کران. سوپای ئیسرائیل ڕاشیگەیاندووە، بەشێک لە موشەکەکان خراونەتە خوارەوە و هەندێکی تریش بەر زەوی کەوتوون و بوون بە هۆی ئاگرکەوتنەوە. شەڕ و پێکدادانی سنووری نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا ساڵێک لەمەوبەر دەستی پێکرد، کاتێک ئەو گرووپە بۆ پشتیوانی لە گرووپی چەکداری فەلەستینی حەماس، هێرشی موشەکیان بۆ سەر خاکی ئیسرائیل دەستپێکرد. سەرچاوە/ڕۆیتەرز