ئیسڕائیل ڕێکاری یاسایی دژی ماکرۆن دەگرێتەبەر لەسەر قەدەغەکردنی کۆمپانیاکانی ئیسڕائیل لە پێشانگایەکی بازرگانیدا

دوایین نوێکردنەوە 2024-10-20 20:10:19 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل ئیسڕائیل کاتز ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند فەرمانی بە وەزارەتەکەی کردووە دەستبکات بە ڕێکاری یاسایی دژی سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن دوای ئەوەی پاریس ڕێگری لە بەشداریی کۆمپانیا ئیسڕائیلییەکان کرد بە بەرهەمەکانییانەوە لە پێشانگایەکی بازرگانی سەربازییدا. بڕیاری قەدەغەکردنی کۆمپانیا ئیسڕائیلییەکان نوێترین ڕووداون لەسەر نائارامی حکومەتەکەی ماکرۆن لەسەر جەنگەکەی ئیسڕائیل لە غەززە و لوبنان. یۆرۆنەیڤاڵی ڕێکخەری پێشانگاکە کە بڕیارە لە 4-7 ی مانگی یانزەدا لە پاریس بەڕێوەبچێت، هەفتەی ڕابردوو لە بەیاننامەیەکدا وتی حکومەتی فەڕەنسا شاندە ئیسڕائیلییەکانی ئاگادار کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە ڕێگەیان پێنادرێت بەرهەمەکانییان لە پێشانگاکەدا بخەنەڕوو، بەڵام دەکرێت ئامادەی پێشانگا بازرگانییەکە بن. ئەو بڕیارە 7 کۆمپانیای گرتووەتەوە. کاتز وتی " وەزارەتی دەرەوەم ڕاسپاردووە ڕێکاری یاسایی و دیبلۆماتی بگرنەبەر دژی بڕیارەکەی سەرۆکی فەڕەنسا بۆ ڕێگریکردن لە پیشاندانی بەرهەمەکانی کۆمپانیا ئیسڕائیلییەکان لە پێشانگای ساڵۆن یۆرۆنەیڤاڵدا لە پاریس." وتیشی " بایکۆتکردنی کۆمپانیا ئیسڕائیلییەکان بۆ دووەمین جار، یاخود سەپاندنی مەرجێک کە جێی قبووڵکردن نیە، ڕێوشوێنی نادیموکراسین کە لە نێوان دوو وڵاتی دۆستی یەکتردا جێی قبووڵکردن نین. داوا لە سەرۆک ماکرۆن دەکەن هەموو ئەو ڕێوشوێنانە هەڵبوەشێنێتەوە." سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا