سەرۆک وەزیری عێراق محەمەد شیاع سودانی لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە هەرێمی کوردستان کرد بە بۆنەی سەرکەوتنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە. سودانی لە پەیامەکەیدا وتی، " درێژەدان بە هەڵبژاردنی دیموکراسی بۆ ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق جەخت دەکاتەوە لەسەر ڕێزگرتن لە بەهای دیموکراسی و باوەڕبوون بە گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات، هەروەها چەسپاندنی پێکهاتەی دەستووریی." هەروەها گوتی "بە بۆنەی سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە هەوڵەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بەرز دەنرخێنین. هیوادارین مەرجەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان تەواو بکرێت، لە پێناو بەردەوامبوونی پڕۆسەی گەشەپێدان و هاوکاری و سەقامگیری بۆ خزمەتکردنی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە هەرێم." دوای بانگەشەیەکی گەرم بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە لە 25ی مانگی نۆ دەستیپێکرد و 15ی مانگی دە کۆتایی هات، دەنگدانی گشتی ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتی20ی دەی 2024 دەستیپێکرد. لە سەر ئاستی چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان سەدان چاودێری وڵاتان و ڕێکخراوەکانی و ناوخۆیی و نێودەوڵەتی چاودێری بەڕێوەچوونی پرۆسەکەیان کرد، کە کاتژمێر شەشی ئێوارە بە کاتی هەولێر کۆتایی هات. سەرۆك کۆماری عێراق عەبدولەتیف ڕەشید لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، دوای ئەوەی خۆی دەنگی دا، پیرۆزبایی بەڕێوەچونی "ئەو پرۆسە دیموکراسییەی" لە هەرێمی کوردستان کرد. لە ڕاگەیێندراوێکی سەرۆکایەتی کۆماردا هاتووە، عەبدولەتیف ڕەشید، "ستایشی هەوڵی هەمووانی کرد لە سەرخستنی پرۆسەی دەنگداندا بەتایبەتی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و لایەنە حکومییەکان و رێکخراوەکان، هیوای سەرکەوتنی بۆ هەمووانیش خواست لەپێناو هەڵبژاردنی پەرلەمانێكی بەهێز و کارا بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و بەدیهێنانی خواستەکانیان."