ئێران تۆمەتەکانی لوبنان لەسەر دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی لوبناندا ڕەت دەکاتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2024-10-21 17:50:19 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ڕۆژی دووشەممە ئێران تۆمەتەکانی سەرۆک وەزیری لوبنان نەجیب میقاتی ڕەت کردەوە کە تێیدا وتی تاران دەستوەردەداتە کاروباری ناوخۆی لوبنانەوە. ڕۆژی پێنجشەممە لو فیگارۆی فەڕەنسا لە زاری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران محەمەد باقر قالیبافەوە بڵاویکردەوە حکومەتەکەی ئامادەیە دانوستان بکات بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری 1701 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیارەکە لە کۆتایی دوایین جەنگی نێوان حزبوڵا و ئیسڕائیلدا پەسەند کرا لە ساڵی 2006 دا و داوا دەکات حزبوڵا لە باشووری لوبنان بکشێتەوە و هێزەکانی ئیسڕائیلیش لە خاکی لوبنان بکشێنەوە. بڕیارەکە داواش دەکات تەنها سوپای لوبنان و هێزە ئاشتی پارێزەکانی لوبنان لە باشووری لوبناندا بوونییان هەبێت. لە سەرکۆنەکردنێکی دەگمەندا، میقاتی ئێرانی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی " دەستوەردانی زەقی لە کاروباری لوبناندا و هەوڵدان بۆ دامەزراندنی پاسەوانییەکی قبووڵنەکراو بەسەر لوبناندا." وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئیسماعیل باقایی وتی " ئێران هەرگیز هیچ نیازێکی نەبووە و هیچ کارێکیشی نەکردووە کە گومانی ئەوەی لێبکرێت دەستوەربداتە کاروباری ناوخۆی لوبنانەوە." وتی " ئێمە گفتوگۆ دەکەین لەگەڵ هەر وڵاتێکدا کە دەستپێشخەری و پێشنیارێکی هەبێت بۆ کۆتایی هێنان بە تاوان و دوژمنکارییەکان دژی لوبنان و کۆمەڵکوژی لە غەززە." وتیشی " بە هەڵە تێگەیشتنێک " هەیە لەسەر لێدوانەکانی قالیباف. لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا ئێران هەوڵە دیبلۆماتییەکانی چڕتر کردووەتەوە، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە عەباس ئارەقچی سەردانی چەندین وڵاتی ناوچەکەی کردووە تاوەکو فشار بکات بۆ ئاگربەستێک لە لوبنان و غەززە و دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ململانێکان لە ناوچەکەدا. باقایی سەبارەت بە سەردانەکانی ئەمدواییانە وتی " ئێمە دڵخۆشین بەوەی کە ئێمە و وڵاتانی دیکە لە ناوچەکە گەیشتووین بەم ئاستی تێگەیشتنە و هەمان بۆچوونمان هەیە لەسەر ئەوەی کە پاراستنی ئاشتی لە ناوچەکەدا ئەرکی هاوبەشی هەموومانە." لە یەکی مانگی 10 دا ئێران هێرشێکی موشەکی گەورەی کردە سەر ئیسڕائیل، ئیسڕائیلیش بەڵێنیداوە وەڵام بداتەوە. باقایی وتی وڵاتانی دراوسێی ئێران " ڕێگە نادەن ئاسمانییان بەکاربهێندرێت بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتێکی ئیسلامی لە ناوچەکەدا." سەرچاوە/ فرانس پرێس