کۆمسیۆن: پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا پێشەنگە

دوایین نوێکردنەوە 2024-10-21 21:45:19 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

کۆمسیۆنی سەربەخۆی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند و پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین دەنگی بە دەستهێناوە و پێشەنگە. کۆمسیۆن ڕایگەیاند بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنەکاندا پلەی یەکەمی بە دەستهێناوە بە جۆرێک 809,197 دەنگی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بە دەستهێناوە. ڕێژەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکاندا لە سەدا 72 بووە، بەرپرسانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان وتییان ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان دواتر دوای پێداچوونەوە بە سکاڵاکاندا ڕادەگەیەندرێت. بەڵام وردەکاری زیاترییان نەدا. هاوکات یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پلەی دووهەمی لە هەڵبژاردنەکاندا بە دەستهێنا و 408,141 دەنگی لە سەرانسەری هەرێمەکەدا کۆکردەوە. نەوەی نوێی ئۆپۆزسیۆنیش بە کۆکردنەوەی 290,991 دەنگ پلەی سێیەمی بە دەستهێنا. دەنگدانەکە لە کاتێکدا بوو کە هەرێمەکە دەناڵێنێت  بە دەست باری خراپی ئابوری و  ڕاگرتنی هەناردنی کردنی نەوت، کە سەرچاوەیەکی گرنگی داهات بووە بۆی. لە مانگی سێی ساڵی ڕابردوودا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێی بۆری نەوتی حکومەتی هەرێمەوە لەلایەن تورکیاوە ڕاگیرا، ئەوەش دوای ئەوەی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی فەرمانی بە تورکیا کرد بە بڕی 1.5 ملیار دۆلار قەرەبووی بەغداد بکاتەوە لەسەر ئەوەی لە ساڵانی نێوان 2014-2018 دا بەبێ مۆڵەتی حکومەتی عێراق نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە کراوە. ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتەکە بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانی ئابووری لە ناوچەکەدا، ئەوەش بووەتە هۆی دواکەوتنی موچەی کارمەندانی کەرتی گشتی و کەمبوونەوەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز