کاربەدەستانی عێراق دەڵێن ڕێبەری داعشی وڵاتەکەیان کوشتووە

دوایین نوێکردنەوە 2024-10-22 16:40:19 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند ڕێبەری داعشی عێراق ئەوەی بە "والی عێراق" ناسراوە لەگەڵ 8 ئەندامی باڵای دیکەی داعش لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئاسایشییەکانی عێراق و بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی کوژراون. جەنەڕاڵ یەحیا ڕەسوڵ ڕۆژی سێشەممە لە ڕێگەی پێگەکەی لەسەر ئێکس نووسیویەتی، لەسەر ڕێنماییەکانی محەمەد شییاع ئەلسودانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، دەزگای دژە تێرۆر و هێزەکانی ئاسایشی نیشتمانی بە پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی، دوای چەندین مانگ لە بەدواداچون و ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری، هێزەکانی ئاسایشی عێراق توانیان بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی 22 ی مانگی دەی 2024 بگەنە یەکێک لە بارەگا گرنگەکانی داعش لە چیای حەمرین. لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکە ئەوەی بە والی داعش ناسرابوو "جاسم ئەلمەزروعی ئەبو عەبدولقادر" و 8 ئەندامی دیکەی باڵای داعش کوژران. وتیشی ئەو هەشتەی دیکەی کوژراون دوایی ناوەکانیان ئاشکرادەکرێت پاش ئەوەی شیکاری DNA بۆ تەرمەکانیان دەکرێت.   هاوکات محەمەد شییاع ئەلسودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەو بۆنەیەوە دەستخۆشی لە هێزە ئاسایشییەکان کرد و پیرۆزبایی لە خەڵکی عێراق کرد.   پێشتریش لە مانگەدا سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا ڕایگەیاند هێزەکانی ئاسایشی عێراق لە 14 ی مانگی 10 دا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی عێراق لە هێرشێکی ئاسمانی دیاریکراودا چوار ئەندامی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشییان کوشتووە و سەرکردەیەکی باڵای داعشیش لە نێو کوژراوەکاندا بووە. هەرچەندە لە مانگی سێی ساڵی 2019 کۆتایی بە خەلافەتەکەی داعش هێنرا، بەڵام هێشتا جموجۆڵی چەکدارەکانی لە عێراق و سوریا ماوە و هێزە ئاسایشییەکان بە هاوکاری هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی ڕووبەڕوویان دەبنەوە. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز