ئەمەریکا کۆتوبەند دەخاتە سەر ئەو کۆمپانیایانەی هاوکاری ئێران و بەرنامەکانی چەکی پاکستان دەکەن

دوایین نوێکردنەوە 2024-10-22 21:15:19 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ڕۆژی دووشەممە ئەمەریکا زیاتر لە دوو دەرزەن لایەنی زیادکردە سەر لیستێکی ڕەشی بازرگانی لەسەر ئەوەی گوایە پشتیوانییان لە بەرنامەکانی گەشەپێدانی چەک و دڕۆن کردووە لە ئێران و پاکستان، هەروەها لەسەر چەندین پرسی دیکە، لەوانەش یارمەتیدانی ڕووسیا لە جەنگەکەیدا دژی ئۆکرانیا. وەزارەتی بازرگانی ئەمەریکا وتی سزاکان بەسەر 26 لایەندا سەپێندراوە، زۆربەیان لە پاکستان و چین و ئیماڕاتن، دەوترێت یاساکانی کۆنتڕۆڵکردنی هەناردەکردنییان پێشێل کردووە و بەشداربوون لە " بەرنامەکانی ئەو چەکانەدا کە جێی نیگەرانین " یاخود خۆیان دزیوەتەوە لە سزاکانی ئەمەریکا و کۆنتڕۆڵکردنی هەناردەکردنەکان بۆ ڕووسیا و ئێران. زیادکردنییان بۆ سەر " لیستی لایەنەکان " ڕێگرییان لێدەکات لە دەستڕاگەیشتنییان بە شتومەک و تەکنەلۆجیای ئەمەریکایی بەبێ مۆڵەتی حکومەتی ئەمەریکا. جێگری وەزیری بازرگانی بۆ پیشەسازی و ئاسایشی ئەمەریکا ئالن ئێتیڤێز وتی " ئێمە کاراین لە بەرگریکردن لە ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا لە کارەکتەرە خراپەکان." وتیشی " کارەکانی ئەمڕۆمان پەیامێک دەنێرن بۆ کارەکتەرە خراپەکان لەسەر ئەوەی کە ئەگەر یاساکانی ئێمە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەناردەکردن پێشێل بکەن ئەوا باجەکەی دەدەن." نۆ لایەن لە پاکستان بە تۆمەتی کۆمپانیای سەرەکی و بریکاری پەیداکار بۆ ڕێکخراوی توێژینەوەی ئەندازیاریی پێشکەوتوو تۆمەتبار کراون، ڕێکخراوەکە پێشتر خراوەتە لیستی ڕەشەوە. دەوترێت لە ساڵی 2010 ەوە گروپەکە شتومەکی ئەمەریکایی پەیدا کردووە و بەکارهێنەرەکەی شاردووەتەوە، بەکارهێنەرەکانیش لایەنێکی پاکستانییان تێدایە کە بەرپرسە لە بەرنامەی موشەکی کروز و دڕۆنی ستراتیژی پاکستان. وەزارەتی بازرگانی ئەمەریکا وتی " ئەم چالاکییە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نیشتیمانی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکایە." شەش لایەنی چینیش خراونەتە سەر لیستی لایەنەکان لەسەر ئەوەی گوایە شتومەکی ئەمەریکاییان پەیداکردووە بۆ پشتیوانیکردن لە نوێکردنەوەی سوپای چیندا یاخود یارمەتیدانی بەرنامەکانی چەک و دڕۆنی ئێران. سێ لایەنی دیکە لە ئیماڕات و لایەنێکی تر لە میسڕ هەوڵییانداوە بۆ دەستکەوتنی پارچەی ئەمەریکایی بۆ خۆدزینەوە لەو سزایانەی ئەمەریکا کە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە مانگی دووی ساڵی 2022 دا لە ئۆکرانیا سەپاندوونی. سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا