وەزیرێکی لوبنان دەڵێت وڵاتەکە پێویستی بە مانگانە 250 ملیۆن دۆلار هەیە بۆ ئاوارەکان

دوایین نوێکردنەوە 2024-10-22 21:15:19 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

وەزیری کاروباری قەیرانەکانی لوبنان ڕۆژی سێشەممە وتی لوبنان مانگانە پێویستی بە 250 ملیۆن دۆلار دەبێت بۆ یارمەتیدانی زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارە کە بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە ئاوارەبوون. ناسڕ یاسین بە ڕۆیتەرزی وت کارەکانی حکومەت بە یارمەتی ڕێکخراوە ناوخۆییەکان و یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان تەنها توانیویەتی لە سەدا 20 ی پێویستییەکانی نزیکەی 1.3 ملیۆن کەس دابین بکات کە لە ماڵەکانییان هەڵاتوون و لە پەناگەکانی بینا گشتییەکان یاخود لەگەڵ کەسوکارییاندان. یاسین وتی پێدەچێت ئەو پێویستییانە زیاتر بن، شەپۆلی ڕۆژانەی هێرشە ئاسمانییەکان تا دێت خەڵکی زیاتر ناچار دەکەن لە ماڵەکانییان هەڵبێن و ئەوەش باری سەرشانی حکومەتی لوبنانی قورس کردووە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ نیشتەجێکردنییان. وتی " مانگانە پێویستمان بە 250 ملیۆن دۆلارە " بۆ دابینکردنی خۆراک و ئاو و خزمەتگوزارییەکانی خوێندن بۆ ئاوارەکان. وتیشی قوتابخانە و قەسابخانەکان و مارکێتەکان سەرجەمییان لەمدواییانەدا بوونەتە پەناگە. وتی " ئێمە هەموو بینا گشتییەکان دەگۆڕین بۆ پەناگە، کاری زۆر هەیە ئەنجام بدرێت." وتیشی " پێویستمان بە ئاگربەستێکە ئەمڕۆ، پێویستیشمانە هەمووان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەندە بوێر بن و باس لەوە بکەن کە ڕوودەدات." یاسین ڕۆژی پێنجشەممە لە پاریس دەبێت بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفرانسێکدا و وتی لەوێ جەخت لەم پەیامەی دەکاتەوە. وتی " وڵاتێکی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان جەنگی هەڵگیرساندووە دژی وڵاتێکی بچووک بە توندترین شێوە کە تاوەکو ئێستا لە مێژووی لوبناندا نەمانبینیوە. ئەمە دەبێت پەیامەکە بێت." وتیشی " لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمی ڕابردوودا تەواوی گوندەکان لەسەر سنوورەکە تەقێندراونەتەوە، دامەزراوە گشتییەکان و پڕۆژەکانی ئاو و وێستگەکان و نەخۆشخانەکان و هەموو ئەوانی دیکەش. هەموو ئەمانە پێویستە دووبارە بونیادبنرێنەوە." سەرچاوە/ ڕۆیتەرز