کاندیدێکی تورکمان: کاندیدە دەرچووەکەی سلێمانی 5 هەزار دەنگی هێناوە گەر ئێمەی تورکمان ئەوەندە دەنگمان هەبێت داوای پارێزگار و جێگرەکەی دەکەین

دوایین نوێکردنەوە 2024-10-22 21:15:19 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ئەو کاندیدە تورکمانەی کورسییە کۆتاکەی بازنەی سلێمانی بەدەستهێناوە ڕایدەگەیەنێت ، ئەو کەسانەی لە نزیکەوە دەیناسن هێشتا ئەو ڕێژە دەنگە بە کەم دەزانن کە بەدەستیهێناون، بەو پێیەی زۆر لەو دەنگانە زیاتر خزمەتی خەڵکی کردووە. نەجدە نوری، کاندیدی براوەی تورکمان بۆ کورسییە کۆتاکەی بازنەی سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەوەی لە نزیکەوە من دەناسێت و دەزانێت چیمکردووە، پێیوایە ئەو دەنگانەی بەدەستم هێناون ڕێژەیەکی زۆر کەمە." نەجدەت نوری کە بە کاندیدی تورکمانی نزیک لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بازنەی سلێمانی دادەنرێت، 5 هەزارو 660 دەنگی بەدەستهێناو کورسی کۆتای تورکمانی بۆ خۆی مسۆگەر کرد، بەشێکی زۆری ئەو دەنگانەی لە دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنییەکان بەدەست هێنا. نەجدەت نوری دەڵێت،"ئەو کاندیدانەی رەخنە دەگرن دەبێت ئەنجامەکە قەبوڵ بکەن، گەر ئەنجامیش قەبوڵ ناکەن با لە دوورەوە سەیر بکەن و بەشداری نەکەن." 5 کورسی لە کۆی 100 کورسی پەرلەمانی کوردستان بۆ پێکهاتەو کەمینەکان دانراوە، کورسییەکی کریستیان و کورسییەکی تورکمان لە بازنەی سلێمانی، هەروەها کورسییەکی کریستیان و تورکمانیش لە پارێزگای هەولێرو کورسییەکە کۆتاکەی تریش بۆ کریستیانەکانی پارێزگای دهۆک دانراوە. براوەی پێنج کورسییە کۆتاکەی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک بە کاندیدی یەکێتی و پارتی دادەنرێن، بە تایبەت ئەو کاندیدانە زۆرترین دەنگیان لە دەنگدانی تایبەتدا بەدەستهێناوە بە بێ ئەوەی هێزە ئەمنییەکان بیانناسێت. مونا قەهوەچی، کاندیدی تورکمان لە پارێزگای هەولێر 3 هەزارو 664 دەنگ، رامی نوری، کاندیدی کریستیان لە بازنەی هەولێر 6 هەزارو 752 دەنگ، دانا ئامانج کاندیدی کریستیان لە بازنەی سلێمانی 6 هەزارو 200 دەنگ، نەجدەت نوری، کاندیدی تورکمان لە بازنەی سلێمانی 5 هەزارو 660 دەنگ و جیمس حسدۆ کاندیدی کریستیان لە بازنەی دهۆک 5 هەزارو 553 دەنگیان بەدەستهێناوە. سەزگین موسڵیح، کاندیدی بەرەی تورکمانی لە بازنەی سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"کاندیدی تورکمان و پێکهاتەکان کە بە دەنگی تایبەت دەرچێنراون نوێنەرایەتی تورکمان و پێکهاتەکان ناکەن، بەڵکو نوێنەرایەتی حزبەکانیان دەکەن. لە دوێنێوە کە ئەنجامەکان ڕاگەیەنراون و سەردانی ماڵان دەکەین ژنانی تورکمان بە کوڵ دەگرین" بەپێی وتەی سەزگین موسڵح، ئەو کاندیدانەی تورکمان کە نزیکن لە پارتی و یەکێتییەوە لە نێو شاری کفری دەنگی کەمیان بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا ئەو بە 505 دەنگ زۆرترین دەنگی نێو تورکمانی هێناوە. سەزگین دەڵێت،"ئەو کاندیدەی نزیک لە یەکێتی کە کورسی تورکمانی لە بازنەی سلێمانی بردووە 5 هەزار دەنگ هێناوە، گەر ئێمەی تورکمان هێندە دەنگمان هەبێت لە سلێمانی داوای پارێزگار یان جێگرەکەی دەکەین." لە قەزای کفری ناوچەی گەرمیان 6 کاندیدی تورکمان خۆیان بۆ پەرلەمانی کوردستان کاندید کردبوو، کاندیدێکیان بە نزیکی یەکێتی و کاندیدێکی تریان بە نزیکی پارتی، هەروەها سێ کاندیدی تریان بە نزیکی گۆڕان و بەرەی گەل و نەوەی نوێ دادەنران، لەکاتێکدا کاندیدێکیان بەرپرسی لقی کفری بەرەی تورکمانی بوو.