سەرۆکی رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی ڕایدەگەیەنێت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیزاینکراوەو ساختەکاری لەبەرژەوەندی هێزە دەسەڵاتدارەکان ئەنجام دراوە، بۆیە بێ دەنگ نابن و ڕێوشوێنی یاسایی دەگرنە بەر. عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"سەرووی 200 هەزار دەنگ پوچەڵکراوەتەوەو هیچ لۆژیکێک ڕێگە بەمە نادات، دەنگە پوچەڵکراوەکان دەنگی پارتی و یەکێتی و بەتایبەت پارتییان تێدا نییە بەڵکو دەنگە ناڕازییەکانن." هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لە ڕۆژی 20 ی مانگی دەی 2024 بەڕێوەچوو، ژمارەی دەنگی پوچەڵ (209200) دووسەدو نۆ هەزارو دووسەد دەنگ بوو. لە پارێزگای هەولێر 97هەزارو چوارسەد دەنگ، لە پارێزگای سلێمانی 90 هەزارو پێنجسەد دەنگ، لە پارێزگای دهۆک 18 هەزارو 600 دەنگ و لە پارێزگای هەڵەبجە دوو هەزارو حەوتسەد دەنگی پوچەڵ هەبوون. پارتی دیموکراتی کوردستان بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی 2028 ی پەرلەمانی کوردستان، ژمارەی دەنگەکانی 101 هەزارو 844 دەنگ زیادیکردووە، هەروەها یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش ژمارەی دەنگەکانی 83 هەزارو 206 دەنگ زیادیکردووە. عەلی حەمە ساڵح دەڵێت،"مەعقولە پارتی و یەکێتی سەد قەیرانیان توشی هەرێمی کوردستان کرد کەچی دووسەد هەزار دەنگییان زیاد بکات، کەچی خەڵک سزای ئێمەو کۆمەڵی دادگەری بدات کە بەرگریمان لەو خەڵکە کردووە، ئەمە لۆژیک نییەو ساختەکاری ئەنجام دراوە." هەروەها وتیشی،"چەندین کاندیدمان لە بنکەکانی دەنگدان دەنگیان داوە کەچی دەنگەکانیان دیار نییە، یاخود کاندید هەبووە کەسوکارەکەی دووسەد دەنگیان بە وێنەوە بۆ ناردووەو 15 دەنگی دیارە." بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتووی ئیسلامی 7 کورسی، ڕەوتی هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵی دادگەری 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی و هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان کورسییەکی بەدەستهێناوە. لەکاتێکدا پارتی، یەکێتی و نەوەی نوێ دڵخۆشن بەو دەنگانەی بەدەستیان هێناوە، بەڵام هەریەک لە یەکگرتووی ئیسلامی، بزووتنەوەی گۆڕان، ڕەوتی هەڵوێست، کۆمەڵی دادگەری، بزووتنەوەی ئیسلامی و بەرەی گەل ئەنجامی هەڵبژاردن ڕەتدەکەنەوەو پرۆسەکە بە پڕ لە ساختەکاری وێنا دەکەن. لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش دا، نوێنەرانی یەکگرتووی ئیسلامی، بەرەی گەل، ڕەوتی هەڵوێست و کۆمەڵی دادگەری ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان ڕەتکردەوەو ڕایانگەیاند،"ئەحمەو خراوەتە سندوقی دەنگدان و مەحمو هاتووەتە دەرەوە." هەروەها ڕاشیانگەیاند،"ئەم لایەنانە کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی بەدوای نهێنی دیارنەمانی دەنگەکانماندا بگەڕێیین." نیگەرانی هێزو لایەنەکان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ناوبردنی پرۆسەکە بە پڕ لە ساختەکاری لەکاتێکدایە، یەکەمجارە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەبات. هاوکات عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی ڕایگەیاند،"ئەو ساختەکارییانەی لە کوردستان دەکرێت بە ڕێککەوتنەو هەردوو ئیدارەی هەولێرو سلێمانی دەنگەکانی خۆیان زامنکردووەو وەک خێریش هەندێک دەنگیان داوە بە لایەنەکان." هەروەها وتیشی،"ڕەنگە چیتر تەحەمولی ئەو وەزعە نەکەین و پیرۆزی خۆیان بێت و بە تەواوی لە پرۆسەی سیاسی بکشێینەوە." لە کاتێکدا بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان ناڕازین و ئەنجامی هەڵبژاردن ڕەتدەکەنەوەو یەکێتی و پارتی بە ئەنجامدانی ساختەکاری تۆمەتبار دەکەن، بەڵام بەرپرسانی یەکێتی و پارتی ئاماژەبەوەدەکەن دڵخۆشن بە ئەنجامی هەڵبژاردن و چاوەڕوانی دەنگی زیاتریشیان کردووە. ئەکرەم ساڵەح، بەرپرسی لقی 22 ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"وەکو پارتی چاوەڕوانی زیاتر لە 40 کورسیمان دەکرد، بەڵام بەهۆی فرە بازنەییەوە هەندێک لە کورسییەکانمان کەمیکرد." بڕیارە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە تانە و سکاڵا لەو لایەنانە وەربگیرێت کە پێیان وایە ساختەکاری ئەنجام دراوە و دەنگەکانیان دیار نەماوە. دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە جومانە غەلایی وتەبێژی کۆمسسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکەی بەر دەست نەبوو. دوێنێ دووشەممە، 21 ی مانگی دەی 2024، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی ڕاگەیاند.