دیپلۆماتێکی ڕۆژئاوایی: جێگیرکردنی هێزی بیانی لە لوبنان یەکێکە لە بژاردەکانی دوای ئاگربەست

دوایین نوێکردنەوە 2024-10-23 18:45:19 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

دیپلۆماتکارێکی ڕۆژئاوایی ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، وڵاتانی ڕۆژئاوا تاوتوێی بیرۆکەی ناردنی هێزی نێودەوڵەتیان بۆ لوبنان کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ سوپای لوبناندا کاربکەن لە ئەگەری ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵادا. نزیکەی 10 هەزار سەربازی ئاشتیپارێز لەگەڵ هێزی کاتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان (UNIFIL) لە ئێستاوە لە باشووری وڵاتەکەدا جێگیرکراون، بەڵام دیپلۆماتکارەکە وتی جێگیرکردنی سەربازی جیاوازی فرەنەتەوەیی هێشتا بیری لێدەکرێتەوە. ئەو دیپلۆماتەی کە داوای کردووە بەهۆی هەستیاری بابەتەکەوە ناوی ئاشکرا نەکرێت بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە "ئەوەی لە ئێستادا پێویستە ئاگربەست و ئامادەبوونێکە کە هەردوولا متمانەی پێبکەن، ئەمە دەکرێت سوپای لوبنان بێت لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکان." هەروەها ڕایشیگەیاندووە "هاوبەشەکانی لوبنان لە ئێستاوە پاڵپشتی سوپای لوبنانیان کردووە و زۆر بە شێوەیەکی تۆکمە چاویان لەوەیە کە چۆن بتوانن هاوکاری زیاتر بکەن، لە چوارچێوەی ئاگربەست و ڕێککەوتنی دیپلۆماسی درێژخایەندا." دوای نزیکەی ساڵێک لە شەڕ لەگەڵ حەماس لە غەززە، ئیسرائیل مانگی ڕابردوو سەرنجی خۆی گۆڕی بۆ لوبنان و بەڵێنی دا باکووری وڵاتەکەی لە هێرشەکانی حزبوڵا بپارێزێت و هێرشە ئاسمانییەکانی دژ بە گرووپەکە زیاد کرد و هێرشی زەمینی ئەنجام دا.  بڕیارنامەی 1701ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە کۆتایی بە شەڕێکی ساڵی 2006ی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا هێنا، داوا دەکات تەنها هێزەکانی حکومەتی لوبنان و  ئاشتیپارێزی یونیفیل لە باشووری لوبنان بن، بەڵام بەهۆی جێبەجێکردنی سنووردارەوە ڕەخنەی زۆری لێگیراوە. میدیاکانی لوبنان باسیان لە گفتوگۆکان لەسەر بەهێزکردنی جێبەجێکردنی بڕیارنامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە و بژاردەیەکی لەو جۆرەیان بە "1701-پڵەس" ناوزەد کردووە. لە سەردانێکیدا بۆ بەیروت ڕۆژی دووشەممە، ئەمۆس هۆچشتاین نوێنەری ئەمەریکا ڕایگەیاند کە "بە سادەیی پابەندبوونی هەردوولا تەنها بە بڕیاری 1701 وە بەس نییە." ئاماژەی بەوەشکردووە، "دەبێت ئەو شتانە جێگیر بکرێن کە هەموان متمانەی پێبکەن." ئەو دیپلۆماتکارە ڕۆژئاواییە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، "فشاربردن بەرەو 1701-پڵەس ڕەنگدانەوەی ئەو واقیعەیە کە هیچ لایەنێکیان بڕیارەکەیان جێبەجێ نەکردووە." نەجیب مقاتی، سەرۆک وەزیرانی لوبنان لەم مانگەدا ڕایگەیاند، دوای گەیشتن بە هەر ئاگربەستێک، لوبنان ئامادەیە سوپا لە باشوور بەهێز بکات. یونیفیل، کە لە ساڵی 1978 بۆ چاودێریکردنی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل دوای داگیرکردنی لوبنان دامەزراوە، سوپای ئیسرائیلی تۆمەتبار کردووە بەوەی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا "چەندین جار" و "بە ئەنقەست" تەقەیان لە پێگەکانی کردووە. حزبوڵای لوبنان کە دوای داگیرکردنی ئیسرائیل و گەمارۆی بەیرووت لە ساڵی 1982 دامەزرا، تاکە گرووپە کە لە دوای شەڕی ناوخۆی لوبنان لە ساڵانی 1975-1990 ڕەتیکردەوە دەستبەرداری چەکەکانی بێت، ئەمەش بە ناوی "بەرخۆدان" لە دژی ئیسرائیل. هێزێکی فرەنەتەوەیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناویاندا ئەمەریکا و فەرەنساش لە دوای ساڵی 1982 لە لوبنان جێگیرا بەڵام دوو جار ئەو هێزە کرایە ئامانجی تەقینەوەی کوشندە کە نزیکەی 300 کەسی تێدا کوژران.   سەرچاوە: فرانس پرێس