وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت لە هێرشەکەی ئانکەرە "دوو تیرۆرست کوژراون"

دوایین نوێکردنەوە 2024-10-23 20:05:20 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند لە هێرشەکەی ئەمڕۆی ئانکەرەدا سێ کەس کوژراون و نزیکەی 14 کەسی دیکەش بریندار بوون. عەلی یەرلیکایا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس دەڵیت "سێ شەهید و 14 بریندارمان هەیە لە هێرشەکەدا"، هەروەها دەشڵێت"دوو تیرۆریست کوژراون" لە ڕووداوەکەی بارەگای پیشەسازیی فڕۆکەوانیی تورکی کە سەر بە دەوڵەتی تورکیایە ڕوویداوە. پێشتریش هێرشەکەی بە "هێرشێکی تیرۆرستی" ڕاگەیاند. میدیا ناوخۆییەکان گرتەیەکی ڤیدیۆیییان بڵاوکردەوە کە دوکەڵ و ئاگرێکی گەورە لە شارۆچکەی قەهرەمانکازانی نزیک ئانکەرە بەرزبووەتەوە. تەلەفزیۆنی خەبەر تورک ڕایگەیاندووە "بارمتە گیراون" و دۆخەکە بەردەوامە بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو، لە کاتێکدا تەلەفزیۆنی تایبەتی ئێن تی ڤی باسی شەڕە تەقەی کردووە دوای تەقینەوەکە، کە لە دەوروبەری کاتژمێر 4:00ی پاشنیوەڕۆ  بەکاتی ناوخۆ ڕوویداوە. هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ کەس و لایەنیک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی نەگرتووەتە ئەستۆ، بەڵام وەزیری داد وتی لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە. کەناڵی ئێن تی ڤی باسی لە هێرشێکی خۆکوژی کرد و ڕایگەیاند "کۆمەڵێک تیرۆریست" چوونەتە سەر بارەگای تای و یەکێکیان هێرشبەری خۆکوژ بووە. ئەو وێنانەی کە لە خەبەرتورکەوە بڵاو کراونەتەوە نیشان دەدەن، یەکێک لە هێرشبەرەکان ژنە. ڕۆژنامەی سەباحیش وێنەیەکی کامێرای چاودێری بڵاو کردووەتەوە کە نیشان دەدات گەنجێکی ڕەشپۆشی جانتایەکی لە پشتەو لەوە دەچێت تفەنگی هێرشبردنی تێدابێت. سەرچاوە: فرانس پرێس