بلینکن داوا دەکات ئیسرائیل خۆی لە پەرەسەندنی گرژییەکان لەگەڵ ئێران بەدوور بگرێت

دوایین نوێکردنەوە 2024-10-23 22:00:19 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە،23ی مانگی دە لە تەلئەڤیڤ ڕایگەیاند دوای سەرکەوتنە تاکتیکییەکانی ئیسرائیل بەرامبەر حەماس، ئێستا کاتی کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززەیە و هەروەها داوای لە ئیسرائیل کرد خۆی لە پەرەسەندنی ململانێکان لەگەڵ ئێران بەدوور بگرێت. ئیسرائیل لەگەڵ گرووپی حەماس لە غەززە و حزبوڵا لە لوبنان لە شەڕدایە و بەڵێنیشی داوە وەڵامی هێرشە مووشەکییەکەی 1ی مانگی دەی ئێران بداتەوە. سەبارەت بە وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ هێرشە مووشەکییەکەی ئێران، بلینکن جەختی لەوە کردەوە "زۆر گرنگە ئیسرائیل بە شێوەیەک کاردانەوەی هەبێت کە نەبێتە هۆی پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان." گەشتەکەی ئەنتۆنی بلینکن بۆ ناوچەکە یازدەهەمین گەشتە لەدوای سەرهەڵدانی شەڕی غەززە و یەکەم گەشتە لەدوای پەرەسەندنی توندوتیژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵاش. ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی چوارشەممە پێش ئەوەی ئیسرائیل بەجێبهێڵێت بە ڕۆژنامەنووسانی وت "کاتێک باس لە غەززە دەکرێت، ئیسرائیل زۆربەی ئامانجە ستراتیژییەکانی تێدا بەدەستهێناوە. ئێستا کاتی ئەوەیە ئەو سەرکەوتنانە بکەینە سەرکەوتنێکی ستراتیژی بەردەوام." وتیشی "بەڕاستی دوو شت ماوە بیکەین: بارمتەکان بگەڕێننەوە ماڵەوە و کۆتایی بە شەڕەکە بهێنن بە تێگەیشتن لەوەی کە چی بەدوای خۆیدا دێنێت". سەبارەت بە هاوکارییەکانی غەززە، بلینکن وتی "پێشکەوتن بەدیهاتووە، بەڵام پێویستە پێشکەوتنی زیاتر بەدەستبهێنرێت و پێویستە ئەم پرۆسەیە بەردەوام بێت". دوای ئیسرائیل، بلینکن گەشت دەکات بۆ سعودیە کە دانوستانەکانی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل تا دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی ڕاگرتووە. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داوای لە ئیسرائیل کرد ئەو شتەی کە بە "دەرفەتێکی گەورە" بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ سعودیە ناودێری کرد، بەکاربهێنێت. هەوڵەکانی پێشووی ئەمەریکا بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە و کۆنتڕۆڵکردنی دەرکەوتە ناوچەییەکانی شکستی هێناوە، هەروەها هەوڵەکانی بە سەرۆکایەتی جۆو بایدن و ئیمانوێل ماکرۆن بۆ دامەزراندنی ئاگربەستێکی کاتی لە لوبنان شکستی هێنا. سەرچاوە/AP