وەزارەتی بەرگری تورکیا: 32 شوێنی پەکەکە و هاوپەیمانەکانی لە باکوری عێراق و سوریا وێرانکران

دوایین نوێکردنەوە 2024-10-24 04:45:19 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

هێزی ئاسمانی تورکیا شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە زیاتر لە 30 هێرشیی کردووەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. هێرشەکان وەکو تۆڵەسەندنەوەی هێرشەکەی ڕۆژی چوارشەممەی تورکیا لێی دەڕواندرێت کە بووە هۆی کوژرانی پێنج کەس و بریندار بوونی زیاتر لە 20 کەسی تر.  وەزارەتی بەرگری تورکیا لە بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە بە کاتی خۆجێی ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت "لە پێناو کۆتاییهێنان بە هێرشە تێرۆرستییەکانی پەکەکە/کەجەکە و تێرۆرستەکانی دیکە لە دژی گەلەکەمان و هێزە ئاسایشییەکانمان و هەروەها بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی سنوورەکانمان، بەپێی مادەی 51 ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ڕێگە دەدات بە بەرگریکردن لە خۆ، ڕۆژی 23 ی مانگی دەی 2024 هێزی ئاسمانی تورکیا هێرشی کردە سەر شوێنی تێرۆرستان و بە تێکڕا 32 شوێنی تێرۆرستان لە باکوری عێراق و سوریا وێرانکران." دەشڵێت هێزە چەکدارەکانی تورکیا بەردەوام دەبن لە شەڕی دژی تێرۆر هەتا یەک "تێرۆرست" مابێت، ئەمەش "لە پێناو ئاسایشی وڵاتەکەمان و خەڵکەکەمان هەر وەک چۆن لە ڕابردوودا بەردەوام بوون." وەزارەتەکە لە درێژەی ڕاگەیاندنەکەی دەڵێت "هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست گیراونەتەبەر بۆ ئەوەی زیان بەر خەڵکی سیڤیلی بێ تاوان نەکەوێت و هەروەها بە دۆستەکانیش و شوێنەوارە مێژوویی و کەلتورییەکان و ژینگەش."  ئەم هێرشە چەند کاتژمێرێک پاش ئەوە بوو  کە پیشەسازیی فڕۆکەوانیی تورکی کە سەر بە دەوڵەتی تورکیایە لە نزیک ئانکەرە کرایە ئامانج. بەرپرسانی تورکیا گومان دەکەن هێرشەکە لەلایەن پەکەکەوە کرابێت، هەرچەندە پەکەکە تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە بەرپرسیارێتی نەگرتووەتە ئەستۆ. وەزیری ناوخۆی تورکیا عەلی یەرلیکایا دەستبەجێ گوتی هێرشەکە " هێرشێکی تیرۆرستی بووە" و گوتیشی هێرشبەرەکان پیاوێک و ژنێک بوون. یاشار گولەر وەزیری بەرگریش پەکەکەی تۆمەتبار کرد. پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم)، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا هێرشەکەی ئانکەرەی شەرمەزار کرد. ئەو پارتەی سەر بە کوردەکان ڕایگەیاند " ئیدانەی ئەو هێرشە دەکەین کە لە شارۆچکەی قەهرەمانکازان لە نزیک ئانکەرە ڕوویداوە." هەروەها کەسایەتی دیاری کوردی زیندانی کراو و هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاشیش لە زیندانەوە بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و تیایدا هێرشەکەی تورکیای شەرمەزار کرد و گوتی " "ئەو عەقڵیەتەی کە هەوڵ دەدات بە خوێن گەڕان بەدوای چارەسەری کێشەکانمان لە ڕێگەی قسەکردن و دیالۆگ و سیاسەتەوە بوەستێنێت، پێویستە بزانێت ئەگەر ئۆجەلان دەستپێشخەری بکات و بیەوێت زەمینە بۆ سیاسەت خۆش بکات، ئێمە بە هەموو هێزمانەوە لە پشتیەوە دەبین." سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانیش لە ڕاگەیاندنێکدا هێرشەکەی ئانکەرەی شەرمەزار کرد و گوتی "ئێمە بە هاوسۆزییەکی تەواوەوە لەگەڵ گەل و حکومەتی تورکیا دژی تیرۆر دەوەستین."