ئەیاد حەسەن: لێپرسینەوە لەگەڵ ئەوانە دەکرێت کە نرخ بەزر دەکەنەوە

دوا نوێکردنەوە: 2020-05-07 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

دهۆک -KDP.info-  چەند ڕۆژێکە بازاڕ جمەی دێت لە ھاووڵاتیان و بەرپرسێکی ژووری بازرگانیش پێی وایە، ڕەوشی بازرگانی بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت و دەشڵێ، ھەرکەسێک دەستکاریی نرخ بکات سزا دەدرێت.

ئەیاد حەسەن، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕەوشی بارزگانی بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت، چونکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاسانکاریی زۆری بۆ جووڵەی بازرگانی کردووە و قەغەدەغەی ھاتوچۆش تا ڕادەیەک ھەڵگیراوە، بەتایبەتی لە دەروازە سنوورییەکان وەک پێشوو کەلوپەل ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێن، تەنیا ڕێنماییی خۆپارێزی جێبەجێ دەکرێن."

سەرۆکی ژووری بازرگانیی دھۆک دەڵێت: "ئەگەر قەدەغەی ھاتوچۆ بە یەکجاری ھەڵگیرا ئەوکات بازاڕ وەک پێش ھاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاسایی دەبێتەوە و ھیچ کێشەیەک لەبەردەم بازرگانان نامێنێت، بەتایبەتی بازاڕی ناوخۆ چەند ڕۆژێکە بەھۆی نزیکبوونەوەی جەژنی ڕەمەزان و کەمبوونەوەی کاریگەرییەکانی کۆرۆنا جووڵەی کردووە."

لەبارەی نرخی کەلوپەل حەسەن گوتی: "نرخی کەلوپەل لە ھەرێمی کوردستان بەرز نەبووەتەوە، بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرچاوەی بەرھەمھێنان ھەندێک گۆڕانکاری بەسەر نرخدا ھاتووە، لەگەڵ پاشەکشەی کۆرۆنا نرخیش ئاسایی دەبێتەوە، لە ھەرێمی کوردستانیش چەندین لیژنە بۆ چاودێریکردنی بازاڕ پێک ھاتوون و ڕێگە نادرێت ھیچ کەسێک بازاڕگرانی دروست بکات."

قائید میرۆ