بلینکن لە گەشتەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەگاتە دۆحەی قەتەر

دوایین نوێکردنەوە 2024-10-24 19:00:21 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دوای گەشتەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەگاتە دۆحەی پایتەختی قەتەر و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی قەتەر کۆدەبنەوە. دیپلۆماتکارە باڵاکانی قەتەر و واشنتن رۆژی پێنجشەممە،24ی مانگی دە ڕایانگەیاند دانوستانکارانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە دۆحە کۆدەبنەوە بۆ هەوڵدان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان بەرەو ڕێککەوتنێک بۆ ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززە. قەتەر کە میوانداری نووسینگەی سیاسی بزووتنەوەی حەماس دەکات، یەکێک بووە لە ناوبژیوانە سەرەکییەکانی هەوڵەکان بۆ دامەزراندنی ئاگربەست لە غەززە. ئەنتۆنی بڵینکن ئەم هەفتەیە گەشتێکی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد بەو هیوایەی دوای کوژرانی یەحیا سینوار سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس، کە واشنتن دەڵێت بەربەستی سەرەکی بووە لەبەردەم ڕێککەوتنێکدا، گفتوگۆکان زیندوو بکاتەوە. بڵینکن دوای وتووێژ لەگەڵ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "باسمان لە بژاردەکان کرد بۆ سوود وەرگرتن لەم ساتەوەختە و هەنگاوەکانی داهاتوو بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە و پێشبینی دەکەم لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دانوستانکارەکانمان پێکەوە کۆببنەوە". بڵینکن ئاماژەی بەوەشکرد تا ئێستا دیاری نەکراوە کە ئایا حەماس ئامادەیە بۆ دانوستانی نوێ یان نا، بەڵام داوای لەو گروپە کرد ئەو کارە بکەن. ناوبراو ئامادە نەبوو بڵێت کێ ئامادەی دانوستانەکانی دۆحە دەبێت بەڵام وتی واشنتن لەگەڵ هەردوو نێوەندگیری قەتەر و میسر قسە دەکات سەبارەت بە "بژاردەی جیاواز" بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان. بڵینکن بەر لە سەفەرکردن بۆ دۆحە، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل و سعودیەش کۆبووەوە. ئەمە یازدەهەمین سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکایە بۆ ناوچەکە لە دوای دەستپێکردنی شەڕی غەززە لە ساڵی ڕابردوودا. سەرچاوە/ڕۆیتەرز