پوتن هۆشداری دەدات سەبارەت بە مەترسی کەوتنەوەی شەڕێکی تەواو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

دوایین نوێکردنەوە 2024-10-24 19:00:21 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا ڕۆژی پێنجشەممە،24ی مانگی دە بە سەرکردەکانی بریکسی ڕاگەیاند ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای بەرزبوونەوەی بەرچاوی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران، لە لێواری شەڕێکی تەواودایە. لوتکەی بریکس کە زیاتر لە 20 سەرکردە لەوان شی جینپینگ سەرۆککۆماری چین، نەرێندرا مودی سەرۆکوەزیرانی هیندستان، مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین و رەجەب تەیب ئەردۆغانی تورکیا بەشداریان تێدا کردووە، پیشاندەری قووڵایی پەیوەندییەکانی ڕووسیایە لە دەرەوەی جیهانی ڕۆژئاوا. پوتن لە وتارەکەیدا بۆ سەرکردە ئامادەبووەکانی کۆبوونەوەکە وتی "ئەو کردەوە سەربازییەی کە ساڵێک لەمەوبەر لە غەززە دەستیپێکردوە، ئێستا درێژکراوەتەوە بۆ لوبنان و کاریگەریشی خستوەتە سەر وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش." سەرۆکی ڕووسیا کە لە تەنیشت شی جینپینگ، سەرۆکی چینەوە دانیشتبوو وتی "پلەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و هەموو ئەمانەش کاردانەوەیەکی زنجیرەیین کە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە لێواری شەڕێکی تەواوەوە. پوتن ئاماژەی بەوەشکرد، تا فەلەستینییەکان دەوڵەتی خۆیان بەدەست نەهێنن، هەست بە بارگرانی "نادادپەروەری مێژوویی" دەکەن و ناوچەکە لە "کەشێکی قەیراناوی هەمیشەیی لەگەڵ دووبارەبوونەوەی حەتمی توندوتیژی بەرفراوان"دا دەمێنێتەوە. کۆبوونەوەی بریکس کە ڕۆژی سێشەممە 22ی مانگی دە لە کازانی ڕووسیا بە میوانداری ڤلادیمێر پوتن دەستی پێکرد، نوێنەرایەتی هەوڵەکانی ڕووسیا دەکات بۆ بەهێزکردنی هاوپەیمانی نوێ و شکاندنی ئەو گۆشەگیرییەی کە ڕۆژئاوا بەسەریدا سەپاندویەتی. بریکس کە سەرەتا لە وڵاتانی بەڕازیل، ڕووسیا، هیندستان، چین و باشووری ئەفریقای پێکهاتبوو، ئەمساڵ بە شێوەیەکی بەرچاو فراوانتر بووە و ئەندامانی نوێ لەوانە ئێران، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، میسر، ئەسیوپیاشی لەخۆ گرتووە و ئەم فراوانبوونەش ڕێگە بە ڕووسیا و ئەندامە نوێیەکانی دیکە دەدات وەڵامی فشارە ئابووری و سیاسییەکانی ڕۆژئاوا بدەنەوە. سەرچاوە/ڕۆیتەرز