تایمز: ئیسرائیل دوای ئاشکرابوونی زانیارییەکانی ئەمەریکا، هێرشەکەی بۆ سەر ئێران دوادەخات

دوایین نوێکردنەوە 2024-10-24 21:15:20 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانیا ڕۆژی پێنجشەممە،24ی مانگی دە لە زاری سەرچاوەکانی خۆیەوە بڵاویکردووەتەوە، ئاشکرابوونی زانیارییە نهێنییەکانی ئەمەریکا بووەتە هۆی ئەوەی ئیسرائیل هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی بۆ سەر ئێران دوابخات. سەرچاوەیەکی هەواڵگریی ئاگادار لە ڕاوێژکارییە سەربازییەکانی ئیسرائیل بەو ڕۆژنامەیەی ڕاگەیاندووە "ئاشکراکردنی بەڵگەنامە نەهێنییەکانی ئەمەریکا وایکردووە بەهۆی پێویستی گۆڕینی هەندێک ستراتیژییەوە، هێرشەکەی سەر ئێران دواکەوێت. ناوبراو لە درێژە قسەکانیدا ئاماژە بەوەش کردووە کە هێرشی تۆڵەسەندنەوە بۆ سەر ئێران هەر دەکرێت، بەڵام لەو کاتە دیاریکراوەی دەستنیشان کرابوو بۆ ئەنجامدانی، زیاتری خایاندووە. ناوەڕۆکی دوو بەڵگەنامەی زۆر نهێنییەکەی پنتاگۆن بۆ یەکەمجار ڕۆژی هەینی، 18ی مانگی دە لە کەناڵێکی تێلێگرامی لایەنگری کۆماری ئیسلامی ئێران، بڵاوکرایەوە. کەناڵەکە بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە بەڵگەنامەکانی لە سەرچاوەیەک لە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمەریکاوە وەرگرتووە، بەڵام وردەکارییەکانی لەو بارەیەوە نەخستبووەڕوو. ئەمەریکا ئەم ئیدیعایەی ڕەتکردووەتەوە. بەگوێرەی هەواڵەکەی تایمز، ئیسرائیل نیگەرانە لەوەی ئاشکراکردنی ئەو زانیاریانە یارمەتی ئێران بدات بۆ پێشبینیکردنی هەندێک شێوازی هێرشەکەی و هەر بۆیەش ئیسرائیل ناچار بووە پلانێکی بەدیل دابڕێژێت، پلانێک کە بۆ ئەو هێرشە پێویستی بە وردەکاری زۆرتر هەیە. لە مانگی چواری ئەمساڵدا ئیسرائیل وێستگەیەکی ڕاداری لە جەرگەی شاری ئەسفەهان لە کاردانەوە بە هێرشەکانی پێشووی مووشەکی بالیستیک و مووشەکی کروز و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران، تێکشکاند. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەڵگەنامەکانی ئەمەریکادا ئاشکرا کراون، پێدەچێت ئیسرائیل پلانی هێرشێکی هاوشێوەی داڕشتووە. لەو بەڵگەنامانەدا ئامادەکارییەکان بۆ ئەگەری بەکارهێنانی دوو جۆر مووشەک ڕوون کراوەتەوە، مووشەکی جۆری ڕاکز(Rocks) و مووشەکی گۆڵدن هۆرایزن (Golden Horizon). مووشەکی ڕاکز مووشەکێکی دوور مەودای ئاسمانییە بۆ سەر ڕووی زەوی و دەتوانرێت لە فڕۆکەی جەنگی ئێف 16 یان ئێف 35ەوە هەڵبدرێت و لەلایەن کۆمپانیای بەرگری ئیسرائیلی ڕافایلەوە دروستکراوە. هەروەها گۆڵدن هۆرایزن مووشەکێکی بالیستی ئاسمانییە و مەودای نزیکەی 1200 میل دەبڕێت. سوودی کەڵک وەرگرتن لە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ تەقاندنی مووشەکی دوور مەودای لەو شێوەیە بەرەو ئێران ئەوەیە کە فڕۆکەوانەکان پێویستیان بە چوونە ناو ئاسمانی وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نابێت. لە دزەپێکردنی بەڵگەنامە نەهێنییەکانی ئەمەریکا هیچ باسێک لەو ئامانجە ئەگەرییانە نەکراوە کە ئیسرائیل بەتەمایە لە ئێران هێرشیان بکاتە سەر، بەڵام ئەمەریکا هۆشداری داوەتە ئیسرائیل کە هێرش نەکاتە سەر ژێرخانی ناوکی یان پیشەسازی نەوتی ئێران. بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی واشنتن پۆست، بینامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دڵنیایی داوەتە ئەمەریکا کە تۆڵەسەندنەوەکە لەسەر شوێنە سەربازییەکان چڕ دەبێتەوە. سوپای پاسدارانی ئێران و هێزی نیمچە سەربازیی بەسیجی ئەو وڵاتە کە دوو پایەی یارمەتیدەرن لە پشتیوانیکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە دوو ئامانجی ئەگەری دادەنرێن کە هێرشیان دەکرێتە سەر. یۆئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ڕۆژی چوارشەممە سەردانی بنکەی ئاسمانی هاتزیریمی کرد و بە فڕۆکەوان و تیمی فڕۆکەوانیی وڵاتەکەی راگەیاند دوای ئەوەی هێرشمان کردە سەر ئێران، هەمووان تێدەگەن کە ئێوە لە پرۆسەی ئامادەکاری و مەشقکردندا چیتان کردووە. سەرچاوە/ڕۆژنامەی تایمز