دەستەی دەستپاکی عێراق (هيئة النزاهة) ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند محەمەد عەلی ئەللامی وەک سەرۆکی نوێی دەزگاکە دەستبەکاربووە، ئەمەش دوای ئەوەی ڕاگەیەندرا حەیدەر حەنون سەرۆکی پێشوو لەسەر داخوازی خۆی لە پۆستەکەی لادرا. پێشتر، ڕۆژی چوارشەممە ئۆفیسی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند محەمەد شییاع ئەلسودانی، محەمەد عەلی ئەللامی ڕاسپارد ببێتە سەرۆکی دەستەی دەستپاکی تاوەکو شوێنی حەیدەر حەنون بگرێتەوە. ئەنجومەنی وەزیرانیش دەنگی داوە سەرۆکی پێشوو وەک ڕاوێژکار بە پلەی تایبەت لە وەزارەتی داد دابمەزرێت. ئۆفیسەکە دەشڵێت سەرۆک وەزیران هەوڵەکانی حەیدەر حەنونی بەرز نرخاند لە نەهێشتنی گەندەڵیدا. ماڵپەڕی دەزگاکە لە ڕستەیەک زیاتری نەنووسیوە لە بارەی دەستبەکاربوونی محەمەد عەلی ئەللامی. ئەمە دەقەکەیەتی بە زمانی عەرەبی، "الدكتور (محمد علي اللامي) يباشر مهامه رئيساً لهيئة النزاهة الاتحادية." سەرەتای مانگی نۆ، تۆمارکراوی دەنگی بڵاوکرانەوە، گوایە دەنگی حەیدەر حەنونە و باسی گەندەڵی خۆی دەکات، بەڵام ناوبراو بە توندی ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت ئەو دەنگانە دروستکراون و ئەوە پیلانێکە لە دژی لە کاتێکدا دەیەوێت گەندەڵکارانی دەستڕۆیشتوو ئاشکرابکات. بەڵام لە 11ی مانگی نۆی، ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ڕایگەیاند، داواکاری گشتی داوای لە دادگای لێکۆڵینەوەی سێی ناوچەی کەرخی بەغدا کرد لێکۆڵینەوە بکات سەبارەت بەو تۆمارە دەنگییانەی دەڵێن دەنگی حەیدەر حەنون سەرۆکی دەستەی دەستپاکیە کە تیایدا باسی وەرگرتنی بەرتیل دەکرێت. پاشان لە 16 ی مانگی نۆ، ئەنجومەنەکە ڕایگەیاند ئەو لێدوانانەی حەیدەر حەنون داونی لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی 1 ی مانگی حەوتی 2024 و کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی 4 ی مانگی نۆی 2024، هیچ ڕاست نین و ئامانج لێی چەواشەکردنی ڕای گشتییە، بۆیە ئەنجومەنەکە بڕیاری داوە ڕێوشوێنی یاسایی لە دژی بگیرێتەبەر. دواتر لەم مانگە میدیاکانی عێراق ڕایانگەیاند دادگا بە کەفالەتی دارایی حیدەر حنونی ئازادکردووە. سەرچاوە/ بەشێک لە زانیارییەکان لە ماڵپەڕە فەرمییەکانی حکومەتی عێراق وەرگیراون.