وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل: ئەردۆغان تاوانی جەنگ لە دژی کورد ئەنجام دەدات و جیهان بێ دەنگە

دوایین نوێکردنەوە 2024-10-25 02:10:19 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر ئەردۆغان و ڕەخنەی توند لە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەگرێت و دەڵێت کاتێک ئیسرائیل بەرگری لە خۆی دەکات لە دژی ڕێکخراوە تێرۆرستییەکان بەردەوام هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل، بەڵام کاتێک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا هێرش دەکاتە سەر کورد ئەو بێ دەنگە. ئیسرائیل کاتز، ڕۆژی پێنجشەممە لە پێگەکەی لەسەر ئێکس نووسیویەتی"ئەردۆغان کورد سەردەبڕێت و جیهان بێ دەنگە. دیکتاتۆرەکەی ئەنکەرە بۆردومانی کوردی سیڤیلی بێ تاوان لە باکوری سوریا دەکات و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ ناڵێت. کوا داواکان بۆ ئاگربەست و کۆبوونەوەی بە پەلەی ئەنجومەنی ئاسایش؟ کوا گرنگیدان بە مافی کورد و تۆمارکردنی سکاڵا لە دادگای نێودەوڵەتی لاهای لە دژی ئەردۆغان؟ بەڵام کاتێک ئیسرائیل بەرگری لە خۆی دەکات لە دژی ڕێکخراوە تێرۆرستییەکان، گۆتێرێش بەردەوام هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل، بەڵام کە دۆستە دژە جووەکەی تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات، ئەو خۆی ون دەکات. ئەوپەڕی دووڕوویی‌." ئەم کاردانەوەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل پاش ئەوە هات کە وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە و تیایدا وتی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش هێرشە تێرۆرستیەکەی سەر بارەگای پیشەسازیی فڕۆکەوانی و واڵایی تورکیا بە توندی سەرکۆنە دەکەن و داوا دەکەن بە باشی هاوکاری تورکیا بکرێت بۆ سزادانی ئەوانەی لە پشت ئەو کارە تێرۆرستیانەوەن. بەڵام ڕاگەیاندنەکە هیچی تیانەبوو لە بارەی بۆردومانەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و قامیشلی و کۆبانی و تەل رفعەت. دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7 ی مانگی دەی ساڵی 2023، ئەردۆغان لە وتارێکیدا بۆ پەرلەمانتارانی سەر بە پارتەکەی (ئاکەپە)، وتی " حەماس ڕێکخراوێکی تێرۆرستی نییە، بەڵکو کۆمەڵێکی ڕزگاریخوازی موجاهیدە و لە پێناو پاراستنی خاک و خەڵکی خۆی خەبات دەکات." لەو هێرشەی حەماس کە هاوکات لە غەززەوە سەدان ڕۆکێت و موشەک گیرانە ئیسرائیل، نزیکەی 1200 کەس لە ئیسرائیل کە زۆربەیان سیڤیل بوون بە شێوەیەکی دڕندانە کوژران. هەروەها نزیکەی 200 کەسیش بە بارمەتە گیران لە نێویاندا ژن و منداڵ هەن.