7 ئیسرائیلی تۆمەتبار بە سیخوڕیکردن بۆ ئێران، 600 ئەرکی کۆکردنەوەی هەواڵگرییان ئەنجامداوە

دوایین نوێکردنەوە 2024-10-25 19:40:20 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل ڕۆژی هەینی 25ی مانگی دە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە حەوت هاووڵاتیی جووی ئیسرائیل دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو دەستبەسەر کران، تۆمەتبار کراون بە سیخوڕیکردن بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەنجامدانی 600 ئەرک، لەوانە ئەرکی کۆکردنەوەی زانیاری. ئەم حەوت کەسە کە دانیشتووی حەیفا و باکووری ئیسرائیلن، بە تاوانی ئەمنی تۆمەتبارن بە "یارمەتیدانی دوژمن لە کاتی شەڕدا" و "پێدانی زانیاری بە دوژمن". داواکارانی گشتی ئیسرائیل دەڵێن، عەزیز نیسانۆف لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە وەک سەرۆکی ئەم گرووپە سیخوڕییە دەستنیشان کراوە و جێگرەکەی ئەلێکساندەر سادیکۆڤ بەرپرسی بریکارەکانی دیکە بووە. بە وتەی ئەوان، تۆمەتباران زانیارییان لە شوێنە هەستیارەکانی ئیسرائیلەوە کۆکردۆتەوە، وەک بنکە سەربازییەکان و ئامانجە مرۆییەکان. تۆمەتباران سەدان کاری وێنەگرتنیان لە بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل ئەنجامداوە و هەروەها وێنەیان لە سیستەمی بەرگری مووشەکی ئەو وڵاتە لە حەیفا و بینا حکومییەکانی شارەکە و هەروەها بەندەرەکانی ئەشدۆد و ئیلاتیان گرتووە. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵین تۆمەتباران لە نێوان 500 بۆ 1200 دۆلاریان وەرگرتووە بۆ ئەرکەکەیان. لەسەر بنەمای ئەمەش کۆی گشتی 300 هەزار دۆلار دراوە بە ئەندامانی ئەم گرووپە سیخوڕییە.