ئەرتەشی ئێران کوژرانی دوو ئەندامی خۆی پشتڕاست دەکاتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2024-10-26 17:00:20 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ئەرتەشی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی دوو ئەندامی خۆی لە میانەی هێرشەکەی سەرلەبەیانی رۆژی شەممەی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی کۆماری ئیسلامی پشتڕاست دەکاتەوە و ڕایگەیاند کە ئەم کەسانە "لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی موشەکەکانی ئیسرائیل" کوژراون. بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، 26ی مانگی دە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند هێرشی "وورد و ئامانجدار"ی بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران ئەنجامداوە. لەم ڕاگەیەندراوە کورتەدا هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەسەر ئەو شوێنە نەدراوە کە ئەو دوو کەسە تێیدا کوژراون، بەڵام ڕایگەیاندووە هەردوو کوژراوەکە شارەزای "ئۆپەراسیۆنی مووشەکی" بوون. لەم ڕاگەیاندنەدا تەنیا ئەوە هاتووە کە شەوی ڕابردوو دوو ئەندامی ئەرتەشی ئێران لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی موشەکەکانی ئیسرائیل کوژراون و دەڵێن دواتر زانیاری زیاتر لەو بارەیەوە بڵاو دەکەنەوە. دەسەڵات و دامودەزگاکانی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەسەر وردەکاریی هێرشەکان و زیان و خەسارەکان بڵاونەکردۆتەوە و تەنیا جەخت لەسەر "بێ بایەخی" هێرشەکان و بانگەشەی سەرکەوتنی بەرگری ئاسمانی ئێران دەکەن. تەنها بنکەی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکە پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئیسرائیل هێرشی  کردووەتە سەر ناوەندە سەربازییەکانی پارێزگاکانی تاران، خوزستان و ئیلام و بەبێ ئەوەی ئاماژە بە وردەکارییەکان، زیانەکانی بە کەم ناو بردبوو.