جەنەڕاڵی خانەنشینی ئیسڕائیلی گیۆرا ئیلاند دەڵێت پێدەچێت ئیسڕائیل ڕووبەڕووی چەندین مانگی دیکە لە شەڕکردن ببێتەوە لە غەززە ئەگەر بێتو سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو ئەو دەرفەتە بەکارنەهێنێت کە مەرگی سەرکردەی حەماس یەحیا سینوار دروستی کردووە بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە. لە دوای مەرگی سینوارەوە لەم مانگەدا، ئیلاند یەکێک بووە لە کۆمەڵێک لەو ئەفسەرە باڵایانەی پێشووی ئیسڕائیل کە گومانییان هەبووە لە ستراتیژی حکومەتی ئیسڕائیل لە غەززەدا، کە پێشتر لەم مانگەدا هێزەکانی گەڕانەوە بۆ ئەو ناوچانەی باکووری غەززە کە پێشتر دوو جار لە چەکدارانی حەماس پاککراونەتەوە. لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا، هێزەکانی ئیسڕائیل لە دەرەوبەری جەبالیای باکووری غەززە شەڕییان کردووە، ئەمە سێیەمین جارە ئەو هێزانە بگەڕێنەوە ئەو ناوچەیە لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەوە لە مانگی 10 ی ساڵی 2023 دا. یۆم تۆڤ سامیای بەرپرسی پێشووی سەرکردایەتی سەربازیی باشووری ئیسڕائیل بە ڕادیۆی گشتی کانی وت " حکومەتی ئیسڕائیل بە تەواوەتی بە پێچەوانەی چەمکی ئاسایشی ئیسڕائیلەوە کاردەکات." بەشێک لە ئۆپەراسیۆنەکان گواستنەوەی هەزاران کەسییان لە ناوچەکان تێدا بووە بە مەبەستی جیاکردنەوەی هاووڵاتیانی سڤیل لە چەکدارانی حەماس. سوپای ئیسڕائیل دەڵێت نزیکەی 45,000 هاووڵاتی سڤیلی لە دەوروبەری جەبالیا گواستووەتەوە و سەدان چەکداریی لە ماوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا کوشتووە. بەڵام ڕەخنەیەکی زۆری لێگیراوە لەسەر ئەو ژمارە زۆرەی کوژراوان لە نێو هاووڵاتیانی سڤیلدا، هەروەها ڕووبەڕووی داواکان بووەتەوە بۆ زیادکردنی بڕی ئەو یارمەتییە مرۆییەی کە ڕێگەی دەدات بچێتە ناو غەززەوە. ئیلاندی بەرپرسی پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئیسڕائیل، نوسەری سەرەکی " پلانی جەنەڕاڵەکان " بووە کە تێیدا ئیسڕائیل بە خێرایی باکووری غەززە لە هاووڵاتیانی سڤیل چۆڵ دەکات دواتر ئاو و خۆراک لەو چەکدارانەی حەماس دەبڕێت کە لە باکوور ماونەتەوە. جووڵەکانی ئەمدواییانەی ئیسڕائیل وایکردووە فەلەستینییەکان پێیان وابێت کە سوپای ئیسڕائیل پابەندی پلانەکەی ئیلاند بووە. سوپای ئیسڕائیل ڕەتی کردووەتەوە پەیڕەوی پلانەکەی ئیلاندی کردبێت و ئیلاند خۆشی باوەڕی وایە ئەو ستراتیژییەی کە سوپا گرتوویەتییەبەر پلانەکەی نیە و داگیرکارییەکی کلاسیکیش نیە. ئیلاند وتی " نازانم بە تەواوەتی لە جەبالیا چی ڕوودەدات. بەڵام پێم وایە هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل شتێک دەکەن لە نێوان ئەو دوو بەدیلەدا، هێرشی سەربازیی ئاسایی و پلانەکەی من." نەتانیاهو ئاماژەی بەوەداوە کە نیازی نیە لە غەززە بمێنێتەوە، وتوویەتی دەیەوێت بارمتەکان لە غەززە ئازاد بکات و حەماس لە ناوببات و چیتر حەماس نەتوانێت فەرمانڕەوایی غەززە بکات. بەڵام حکومەتەکەشی سیاسەتێکی ڕوونی نەخستووەتەڕوو لەسەر ئەوەی دوای ئەم هەڵمەتە سەربازییەی لە غەززە چی دەکەن. هەڵمەتە سەربازییەکەی ئیسڕائیل دوای ئەوە بوو کە چەکدارانی حەماس لە 7 ی مانگی 10 دا هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل و نزیکەی 12000 کەسییان کوشت و زیاتر لە 250 کەسی دیکەیان بە بارمتە گرت. بەرپرسانی تەندروستی غەززەش دەڵێن بەهۆی هەڵمەتە سەربازییەکەی ئیسڕائیلەوە لە غەززە نزیکەی 43,000 کەس کوژراون و زۆربەی ناوچەکە خاپوور بووە، ملیاران دۆلاریش پێویست دەبێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە. لە کاتێکدا کە هیچ ستراتیژییەک نیە بۆ چۆنێتی کۆتایی هێنان بە جەنگەکە، ئیسڕائیل مەترسی ئەوەی لەسەرە لە غەززە گیربخوات، ئەمەش بەپێی ئۆفەر شیلای بەڕێوبەری پڕۆگرامی توێژینەوەی سیاسەتی ئاسایشی نیشتیمانی ئیسڕائیل لە تەل ئەڤیڤ. شیلا دەڵێت " دۆخەکە بۆ ئیسڕائیل لە ئێستادا زۆر هەستیارە. ئێمە بەرەو دۆخێک دەچین کە تێیدا ئیسڕائیل بە فەرمانڕەوای نافەڕمی غەززە دادەنرێت." لە کاتێکدا کە سوپای ئیسڕائیل ئێستا سەنگی خستووەتە سەر هێرشکردنە سەر حزبوڵای هاوپەیمانی ئێران لە لوبنان، ژمارەی یەکە سەربازییەکانی لە غەززە کەمبوونەتەوە بۆ دوو یەکە، پێشتر لە سەرەتای جەنگەکەدا 5 یەکەی سوپای ئیسڕائیل لە غەززەدا بوون. بەپێی خەمڵاندنەکانی سەرچاوە ئاسایشییەکانی ئیسڕائیل، هەر یەکەیەکی هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل لە 10,000-15,000 سەرباز پێکهاتووە. سوپای ئیسڕائیل دەڵێت 25 فەوجەکەی حەماس کە لە سەرەتای جەنگەکەدا هەبوون لە مێژە لە ناوبراون، نزیکەی نیوەی ئەو هێزە یاخود نزیکەی 17,000-18,000 چەکدار کوژراون. چەکدارێکی حەماس دەڵێت " ئێمە شەڕ لەگەڵ تانکەکان ناکەین، ئامانجەکانمان هەڵدەبژێرین. بە شێوەیەک ڕەفتار دەکەین کە بتوانین بۆ ماوەیەکی درێژخایەن شەڕ بکەین." سەرەڕای ئەوەی ئەم تاکتیکانە ڕێگری لە سوپای ئیسڕائیل ناکەن لە هاتووچۆیان بە ئارەزووی خۆیان بە ناو غەززەدا، بەڵام هێشتا زیانێکی گەورەیان هەیە لەسەر ئیسڕائیل. فەرماندەی لیوای زریپۆشی 401 ی ئیسڕائیل لەم هەفتەیەدا لە غەززە کوژرا دوای ئەوەی لە تانکەکەی هاتە دەرەوە تاوەکو قسە لەگەڵ فەرماندەکانی دیکەدا بکات لە خاڵێکی چاودێریدا. یەکێک بووە لە باڵاترین ئەفسەرەکان کە لە ماوەی ئەم جەنگەدا لە غەززە کوژرابێت. ڕۆژی هەینیش سێ سەرباز کوژران. بەرپرسێکی پێشووی باڵای سوپای ئیسڕائیل کە ڕاستەوخۆ ئەزموونی هەیە لە غەززەدا و نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، وتی " بە کوشتنی سینوار، هیچ مەنتیقێک نەماوە لە مانەوە لە غەززەدا." ئۆفیسی نەتانیاهو ڕۆژی پێنجشەممە وتی دانوستکارانی ئیسڕائیل لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا دەچن بۆ قەتەڕ تاوەکو بەشداری لە گفتوگۆکاندا بکەن بۆ ڕێککەوتنێکی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان، بەڵام هێشتا نەزاندراوە هەڵوێستی حەماس چی دەبێت یاخود ئیسڕائیل ڕێگە بە کێ دەدات فەرمانڕەوایی غەززە بکات کاتێک جەنگەکە تەواو دەبێت. نەتانیاهو ڕەتی کردووەتەوە پلانی هەبێت لە غەززە بمێنێتەوە یاخود ڕێگە بە نیشتەجێیە ئیسڕائیلییەکان بدات بگەڕێنەوە، کە زۆرێک لە فەلەستینییەکان لەوە دەترسن. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز