زیاتر لە 100 چالاکوانی مەدەنی داوا دەکەن ژنە چالاکوانی سیاسی کورد 'وریشە مورادی' لە زیندانی ئێڤین لە تاران کۆتایی بە مانگرتنەکەی بهێنێت

دوایین نوێکردنەوە 2024-10-27 17:30:20 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

لە کاتێکدا دوو هەفتە بەسەر مانگرتنی ژنە چالاکوانی سیاسی کورد 'وریشە مورادی' لە زیندانی ئێڤین لە تاران تێپەڕدەبێت، زیاتر لە سەد چالاکوانی مەدەنی داوا دەکەن ناوبراو کۆتایی بە مانگرتنەکەی بهێنێت. بەپێ زانیارییەکانی ماڵپەڕی مافی مرۆڤی هەنگاو، وریشە ماوەی دوو هەفتەیە بەرامبەر بە ستەم و نایەکسانی و ناڕەوای و زیادکردنی حوکمی لەسێدارەدان مانی لە خواردن گرتووە. وریشە مورادی ئەندامی کەژار و چالاکوانی سیاسیە، ماوەی زیاتر لە ساڵێکە لە ڕۆژی 30ی مانگی 8ی 2023 لە شاری سنە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیرکراوە و لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانی ئەو شارەوە گواستراوەتەوە بۆ زیندانی ئێڤین لە تاران. بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا، ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی پێشێلکاری یاسایی تێدا ئەنجام دەدرێت و هاووڵاتیانی ڕووبەڕووی گرتن و ئەشکەنجە و لە سێدارەدان دەبنەوە. بە پێی دوا ڕاپۆرتی ڕێکخراوی هانا بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 382 کورد دەستبەسەر کراون. لەو ژمارەیە لانیکەم 19 کەسیان ژنن، 61 بەندکراویش بە 200 ساڵ بەندکردن و 188 لێدانی قامچی سزا دراون، لانیکەم 57 بەندکراو لە سێدارە دراون، وە 271 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراو و بریندار بوون.