مەزڵوم عەبدی: هیچ پەیوەندییەکمان بەم هێرشەوە نییە کە لە ئەنکەرە ڕوویدا و سەنگەرەکانی ئێمە لە ناو خاکی سوریادایە

دوایین نوێکردنەوە 2024-10-27 22:00:19 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە سوریا ڕەتیکردەوە پەیوەندیان بە هێرشەکەی ئەنکەرەوە هەبێت، کە چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان ( پەکەکە) بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ گرتووە. تورکیا دوای هێرشە خۆکوژییەکەی کرایە سەر کۆمپانیایەکی بەرگری لە نزیک ئەنکەرە، کە بووە هۆی کوژرانی پێنج کەس، هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئەو ئامانجانەی کە پەیوەندییان بە چەکدارە کوردەکانەوە هەیە لە عێراق و سوریا ئەنجامدا و بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە دەیان کەس. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاند، هێرشبەرەکان لە سوریای دراوسێوە دزەیان کردووە و بەڵێنیشی دا لە شەڕی دژی هێزە کوردییەکان بەردەام بێت. مەزڵوم عەبدی، سەرۆکی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، لێکۆڵینەوەی ناوخۆییمان کردووە و دەتوانم ئەوە پشتڕاست بکەمەوە کە هیچ کام لە هێرشبەرەکان لە خاکی سوریاوە نەچوونەتە ناو تورکیاوە. عەبدی درەنگانێکی ڕۆژی شەممە لە شاری حەسەکە گوتی: ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان بەم هێرشەوە نییە کە لە ئەنکەرە ڕوویداوە. گوتیشی، سەنگەرەکانی ئێمە لە ناو خاکی سوریادایە. بە گوتەی عەبدی، هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە کوردییەکانی سوریا لە ڕۆژی چوارشەممەوە هەتا ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی 15 هاووڵاتی مەدەنی و دوو چەکدار. ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە چاودێری جەنگە و بنکەکەی لە بەریتانیایە، ڕایگەیاند، لە ڕۆژی چوارشەممەوە تورکیا زیاتر لە 100 هێرشی ئەنجامداوە و لە زۆربەی هێرشەکاندا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکارهێنراوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، ژێرخانی مەدەنی لەوانە نانەواخانە و سایلۆی دانەوێڵە و وێستگەکانی کارەبا لەپاڵ دامەزراوە سەربازییەکان و خاڵەکانی پشکنین کە لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە بەکاردەهێنرێن کەوتوونەتە بەر هێرشەکان و زیانیان بەرکەتووە. عەبدی گوتی: "پێدەچێت ئامانجی تورکیا تەنیا وەڵامدانەوەی ئەو ڕووداوانە نەبێت کە لە ئەنکەرە ڕوویاندا، بەڵکو بە ئامانجگرتنی دامەزراوە و سەرچاوەی بژێوی دانیشتووانیش بێت". گوتیشی: "ئامانجی سەرەکی لاوازکردن و نەهێشتنی ئیدارەی (نیوە) سەربەخۆیە، کە دانیشتووان ناچار دەکات کۆچ بکەن". - وەڵامدانەوەی 'لاواز'ی ئەمەریکا عەبدی گوتی ئامادەیە بۆ گفتوگۆ بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان بەڵام داوای کۆتایی هێنان بە هێرشەکانی تورکیا دەکات و ئاماژەشی بە ئەگەری ئۆپەراسیۆنێکی فراوانتر کرد. ئەو فەرماندەیە گوتی "ئێمە ئامادەین کێشەکان لەگەڵ تورکیا لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکەین، بەڵام نەک لە ژێر فشاری هێرشەکاندا، بۆیە دەبێت ئەم هێرشانە بوەستێنرێن بۆ ئەوەی هەوڵەکانی دیالۆگ بەردەوام بن." عەبدی گوتیشی دەوڵەتی تورکیا سوود لە ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەردەگرێت بەوپێیەی سەرنجەکان لەسەر غەززە و لوبنان و هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەبێت، بۆ ئەنجامدانی هێرشی نوێ بۆ سەر سوریا. عەبدی ڕەخنەی لە هاوپەیمانە ئەمەریکا ییەکانی گرت کە هێزە کوردییەکان ناپارێزن و گوتی پێگەی هاوپەیمانی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لاواز دیارە. گوتیشی "وەڵامی ئەوان لەو ئاستەدا نییە کە پێویستە بۆ وەستاندنی هێرشەکان و دەبێت فشار بخرێتە سەر تورکیا" و گوتیشی هێرشەکان بۆ سەر سوریا "نەک تەنها نیگەرانمان دەکات بەڵکو کاریگەری لەسەر هێزەکانیشیان هەیە." دەشڵێت، بەڵام دڵنیاین کە ئەمەریکا، بڕیارەکانی لەسەر بنەمای" بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان لە ناوچەکەدا دەدات." سەرچاوە: فرانس پرێس