ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارە سەبارەت بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کۆببێتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2024-10-27 22:00:19 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕۆژی یەکشەممە، 27ی مانگی دە ڕایدەگەیەنیت بڕیارە ڕۆژی دووشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆببێتەوە و تاوتوێی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بکات. ئەم هەواڵە دوای ئەوە دێت کە وەزیری دەرەوەی ئێران لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی کردبوو سەبارەت بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و ڕایگەیاندبوو ئێران مافی خۆیەتی وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیل بداتەوە. عەباس عەراقچی ئەم نامەیەی بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش ناردووە. وەزیری دەرەوەی ئێران هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێرانی بە پێشێلکردنی بنەما سەرەکییەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ناوبردووە. عەراقچی داوای لە سکرتیری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش کردووە کە "بە توندی و ڕاشکاوانە" هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران سەرکۆنە بکەن. ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتیری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی قووڵی خۆی سەبارەت بە پەرەسەندنی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربڕیوە و داوای لایەنەکان کردووە دان بەخۆدا بگرن. سەرچاوە/رۆیتەرز