میسر پێشنیاری ئاگربەستێکی کورت دەکات لە غەززە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بەشێک لە بارمتەکان لەگەڵ زیندانیانی فەلەستینی

دوایین نوێکردنەوە 2024-10-28 16:42:18 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

سەرۆکی میسر ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند میسر پێشنیاری ئاگربەستێکی سەرەتایی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە غەززە کردووە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی چوار بارمتەی ئیسرائیلی کە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرکراون لەگەڵ چەند زیندانییەکی فەلەستینی. سیسی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە قاهیرە لەگەڵ عەبدولمەجید تبون سەرۆکی جەزائیر قسەی کرد و گوتیشی دەبێت لە ماوەی 10 ڕۆژدا گفتوگۆکان دەست پێبکەنەوە بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی. ئیسرائیل و حەماس هیچ لێدوانێکیان نەداوە، بەڵام بەرپرسێکی فەلەستینی نزیک لە هەوڵەکانی ناوبژیوانی بە ڕۆیتەرزی گوت "پێشبینی دەکەم حەماس گوێ لە پێشنیارە نوێیەکان بگرێت، بەڵام سوورە لەسەر ئەوەی هەر رێککەوتنێک دەبێت کۆتایی بە شەڕ بهێنێت و هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە بکشێنێتەوە." ئیسرائیل دەڵێت شەڕەکە تەنها دوای لەناوچوونی حەماس وەک هێزێکی سەربازی و فەرمانڕەوا لە غەززە کۆتایی پێدێت. ئەمەریکا و قەتەر و میسر سەرپەرشتی دانوستانەکان دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕەی کە دوای هێرشی چەکدارانی حەماس لە 7 ی مانگی دەی ساڵی ڕابردوودا دەستیپێکرد و 1200 کەسیان کوشت و زیاتر لە 250 کەسیان بە بارمتە گرت. کاربەدەستانی تەندروستی لە غەززە دەڵێن ژمارەی کوژراوان لە هێرشە ئاسمانی و زەمینیەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە نزیکەی 43 هەزار کەسە و ئەو ناوچەیەش بە تەواوی وێران بووە. سەرچاوە: ڕۆیتەرز