کۆمسیۆن کاتی دیاریکراو بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان دیاری دەکات

دوایین نوێکردنەوە 2024-10-29 16:05:20 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندووە ڕۆژی چوارشەممە ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنێت. کۆمسیۆن لە بەیاننامەکەی ڕۆژی سێشەممەیدا دەڵێت ڕۆژی چوارشەممە " کاتژمێر دەی سەر لەبەیانی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە بارەگای لیژنەی ناوەندی لە هەولێر ڕادەگەیەندرێت." بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشهەمی پەرلەمانی هەرێمی کودستان، کە لە 20ی مانگی دە بەڕێوەچوو، پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، ڕەوتی هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵی دادگەری 4 کورسی، بەرەی گەل دوو کورسی، گۆڕان 1 کورسی و پارتی سۆسیالیست کورسییەکی بەدەستهێناوە.