زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە غەززە بەهۆی هێرش و پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس ئاوارە بوون. هەندێکیان کە ماڵەکانیان زیانێکی زۆری بەرکەوتووە زیاتر لە جارێک ئاوارە بوون. برسێتی باو بووە و خەڵکێکی زۆر لە چادر و پەناگەی کاتیەکاندا دەژین کە پێناچێت بیانپارێزێت لەو زستانە سەختەی بەڕێوەیە، لە کاتێکدا بەشێک لە خێزانەکان لە ناو گۆڕستانەکاندا خێمەیان هەڵداوە. بڕی ئەو یارمەتییانەی کە دەچنە ناو غەززە زۆر دابەزیوە و کەمیی خۆراک و ئاو و دەرمان و سووتەمەنی بەرۆکی فەلەستینییەکانی گرتووە. ئیسرائیل زۆرجار دەزگاکانی فریاگوزاری بە هۆکاری دابەشنەکردنی یارمەتییەکان لە ناوخۆی غەززەدا تاوانبار دەکات و ئەمەریکاش هۆشداری داوە بە ئیسرائیلی هاوپەیمانەکەی کە دۆخی مرۆیی لە غەززە باشتر بکات ئەگەر نا یارمەتیە سەربازییەکان سنووردار دەکات. لە کاتێکدا هەوڵە نێودەوڵەتییە دووبارەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە شکستی هێناوە. یەکێک لە ئاوارەکان دەڵێت "منداڵەکانم هیچ شتێکیان نییە بیخۆن و بخۆنەوە، بەدرێژایی شەو دەگرین، خواردنیان دەوێت، لە کوێوە دەستم بکەوێت؟"، ئاماژەی بەوەشکرد، بازاڕ و دەروازە سنوورییەکان داخراون. شەڕەکە دەستیپێکرد دوای ئەوەی چەکدارانی حەماس لە 7ی مانگی دەی ساڵی ڕابردوو هێرشیان کردە سەر باشووری ئیسرائیل و نزیکەی 1200 کەسیان کوشت و 250 کەسی دیکەشیان بە بارمتە گرت. سەرچاوە: ڕۆیتەرز