حزبوڵڵای لوبنان ڕۆژی سێشەممە نەعیم قاسمی وەک سەرکردەی نوێی گرووپەکە دەستنیشان کرد، بەڵام ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ماوەی سەرۆکایەتیەکەی "کاتی" دەبێت، ئەمەش هەڕەشەیەکی ئاشکرایە دوای ئەوەی زیاتر لە مانگێک لەمەوبەر حەسەن نەسروڵڵای لە بەیروت کوشت. حکومەتی ئیسرائیل لە هەژماری فەرمی خۆی بە زمانی عەرەبی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس دەڵێت: "ماوەی سەرۆکایەتی ئەو لەم پۆستەدا لەوانەیە کورتترین ماوە بێت لە مێژووی ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییەدا، ئەگەر شوێن هەنگاوی حەسەن نەسروڵڵا و هاشم سەفیەدین هەڵبگرێت." هەروەها نوسیویەتی "هیچ چارەسەرێک لە لوبنان نییە جگە لە هەڵوەشاندنەوەی ئەم ڕێکخراوە وەک هێزێکی سەربازی." هەروەها یۆلاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، وێنەیەکی قاسمی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردەوە و نوسیویەتی "دانانێکی کاتی، ماوەیەکی زۆر ناخایەنێت". پێشتر حزبوڵڵای لوبنان کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو کە ئەنجومەنی شورای گرووپەکە قاسمی تەمەن 71 ساڵی هەڵبژاردووە. قاسم لە ساڵی 1991 لەلایەن عەباس موسەوی سکرتێری گشتیی ئەو کاتەی حزبوڵا وەک جێگری سەرۆکی حزبوڵڵا دەستنیشان کرا، موسەوی ساڵی دواتر لە هێرشێکی هەلیکۆپتەری ئیسرائیلدا کوژرا. قاسم کاتێک نەسروڵڵا بوو بە سەرۆک لە پۆستەکەیدا مایەوە و ماوەیەکی درێژ وتەبێژی دیاری حزبوڵڵا بوو و چاوپێکەوتنی لەگەڵ میدیاکانی بیانی ئەنجامدا، لەوانەش لەکاتی سەرهەڵدانی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل لە ساڵی ڕابردوودا. لە دوای کوژرانی نەسروڵڵا، قاسم سێ وتاری تەلەفزیۆنی پێشکەش کردووە، لەوانە وتارەکەی لە 8ی مانگی دە کە تیایدا گوتی حزبوڵا پشتگیری هەوڵەکان دەکات بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە لوبنان. سەرچاوە: ڕۆیتەرز