سەرچاوەکان دەڵێن ئەمەریکا کار لەسەر ئاگربەستێکی 60 ڕۆژە دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە لوبنان

دوایین نوێکردنەوە 2024-10-30 16:45:22 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

نێوەندگرانی ئەمەریکا کار لەسەر پێشنیارێک دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و گروپی چەکداری حزبوڵای لوبنان کە بە ئاگربەستی 60 ڕۆژە دەستپێدەکات، بەڵام ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەکانی. دوو سەرچاوەی باڵا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاند، ماوەی دوو مانگەکە بۆ جێبەجێکردنی تەواوەتی بڕیارنامەی 1701ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە، کە لە ساڵی 2006 پەسەندکرا بۆ ئەوەی باشووری لوبنان دوور بخرێتەوە لە شەڕی چەکداری لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت. دوایین هەوڵەکان لە کاتێکدایە کە ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل دژی حزبوڵڵا کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت لە لوبنان بەردەوامە لە فراوانبوون. سوپای ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە فەرمانی بە دانیشتوانی ناوچەی بەعلبەک کرد ناوچەکە چۆڵ بکەن، کە دەیان هەزار موسڵمانی لوبنانی کە زۆربەیان شیعەن لەوێ نیشتەجێن و ژمارەیەکی زۆریان لە ناوچەکانی دیکەوە هەڵاتوون. نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا ئامۆس هۆچستین کە کار لەسەر پێشنیاری ئاگربەستی نوێ دەکات لە سەرەتای ئەم مانگە لە بەیروت بە پەیامنێرانی گوت میکانیزمی باشتری جێبەجێکردن پێویستە چونکە نە ئیسرائیل و نە لوبنان بڕیارەکەیان بە تەواوی جێبەجێ نەکردووە. سەرچاوەکان دەڵێن ئاگربەستی 60 ڕۆژ جێگەی پێشنیاری مانگی ڕابردوو ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە دەگرێتەوە کە پێشبینی ئاگربەستی 21 ڕۆژیان دەکرد بۆ جێبەجێکردنی تەواوی بڕیاری 1701. بەڵام هۆشداری دراوە لەوەی کە ڕەنگە ڕێکەوتنەکە شکست بهێنێت. هۆچستین گوتی "هەوڵێکی جددی هەیە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست، بەڵام هێشتا بەدەستهێنانی ئەم ئاگربەستە ئاسان نییە." سەرچاوە: ڕۆیتەرز