"حەرامە و ڕێگەپێدراو نییە بۆ ژنێکی پێگەیشتوو قورئان لە بەردەم ژنانی تری پێگەیشتوو بخوێنێت؛ تەنانەت بانگی تەکبیری ئەڵاهو ئەکبەریش ڕێگەپێدراو نییە،" ئەمە دوایین لێدوانی وەزیری فەرمان بە چاکە و نەهی لە خراپەی تاڵیبانە سەبارەت بە ڕۆڵی ژن لە ئەفغانستان. خالید حەنەفی، وەزیری فەرمان بە چاکە و نەهی لە خراپە، لە میانی بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمێکدا لە پارێزگای لۆگەر، ڕایگەیاند دەنگی ژن "عەورەتە" و نابێت بەرزبێت تەنانەت ئەگەر لە کۆبوونەوەیەکدا بێت کە هیچ پیاوێکی لێنەبێت. خالید حەنەفی وتی، "لە کاتێکدا ژن بۆی نییە تەکبیر بکات یان بانگی نوێژ بدات، بە دڵنیاییەوە بۆی نییە گۆرانی بڵێت و مۆسیقا بژەنێت." وتیشی، "تەنانەت کاتێک ژنێکی پێگەیشتوو نوێژ دەکات و لەو کاتەدا ژنانی تر بەلایدا تێپەڕ دەبن، نابێت ئاستی دەنگی ئەوەندە بەرزبێت کە ژنەکانی تر گوێیان لێی بێت." بە گوێرەی ماڵپەڕی ئەسۆشیەتد پرێس، لێدوانەکانی خالید حەنەفی سەرەتا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەزارەتی فەرمان بە چاکە و نەهی لە خراپە بڵاوکرانەوە، بەڵام دواتر لابران. ئەمە دوایین کۆتوبەندی ڕێکخراوی دەستەڵاتداری تاڵیبانە لە ئەفغانستان. ئێستا ژنان لە وڵاتەکەدا تەنها دەتوانن هەتا قۆناغی شەشی بنەڕەتی بخوێنن. زۆربەی شوێنە گشتییەکان و پیشەکان لە ژنان قەدەغەکراوە. تاڵیبان ساڵی 2021 لە دوای گرتنە دەستی دەستەڵات لە ئەفغانستان وەزارەتی فەرمان بە چاکە و نەهی لە خراپەی دامەزراند. وەزارەتەکە لەو کاتەوە بەردەوامە لە دەرکردنی یاسای جیاواز و هەوڵەکانی بۆ جێبەجێکردنیان لە نێو کۆمەڵگەی ئەفغانی. لە دوایین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ئەم ڕێنماییانەدا، دوێنێ سێشەممە، 29ی دەی 2024، دەستەڵاتدارانی تاڵیبان لە نانگەهار ڕایانگەیاند سێ پیاو و ژنێکیان سزا داوە بەهۆی تاوانی "پەیوەندی ناشەرعی" و "ڕاکردن لە ماڵ." تاڵیبان لە شوێنێکی گشتیدا وەک سزا 39 قامچی لە هەریەک لەو چوارکەسە دا.