ئایا سکاڵا لەسەر ئەنجامەکانی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان تۆماردەکرێت؟

دوایین نوێکردنەوە 2024-10-31 16:30:20 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دوێنێ چوارشەممە ئەنجامەکانی کۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند. وەک ئەوەی پێشبینی دەکرا گۆڕانکاری ئەوتۆ لە نێوان ئەنجامە بەراییەکان و ئەنجامەکۆتاییەکان ڕووینەداوە. بەشێک لەلایەنەکان، بە تایبەت لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن پێشتر و لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان ڕایانگەیاند، پێیان وایە ساختەکاری کراوە و بەنیازن سکاڵا تۆمار بکەن. لە لایەکی دیکە لیژنەیەکی پەرلەمانی عێراق سەردانی ناوەندەکانی جیاکردنەوەی دەنگەکانیان کرد و ڕایگەیاند ساختەکارییەکان بەو جۆرە نین کە ئەو لایەنانە باسی دەکەن. دەپرسین: ئەو لایەنانە هیچ بەڵگەیەکیان هەیە بیدەنە دەستەی دادوەری لەکۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان هەتا سکاڵاکانیان لێوەربگرن؟ میکانزمی بەرزکردنەوەی سکاڵاکان چۆنە و کێ بڕیاری کۆتایی لەسەر دەدات؟ کۆمسیۆن چ هەنگاوێکی ناوە یان دەنێت بۆ وەرگرتن و لەبەرچاو گرتنی سکاڵای لایەنە ناڕازییەکان؟ لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری: 1- عەوبدولستار مەجید، سەرۆکی لیستی کۆمەڵ لە بازنەی هەولێر. 2- مامۆستا دارا سێکانانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی ئەو لیژنە پەرلەمانیەی بەدواداچونیان بۆ گومانی لایەنەکان کرد. 3- سولەیمان مستەفا، شارەزای بواری هەڵبژاردن و یاسایی و جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێم. عەبدولستار مەجید ڕاستە پێش هەڵبژاردن ئێمە خەلکمان هاندەدا بچن بۆ دەنگدان، پێمان وابوو بەهۆی ئەو سیستمی هەڵبژاردن و کۆمسیۆنەوە کەمترین بواری ساختەکاری دەبێت، هەرچەندە من خۆم پێموابوو ئەم لایەنانەی دەسەڵات لە ژێر زەویشدا بێت ڕێگایەک دەدۆزنەوە بۆ ساختەکاری هەتا دەنگەکانیان دانەبزێ و لە دەسەڵات بمێننەوە، بەڵام پێموانەبووە بەم لێشاوە دەکرێ. ئێستاش کە باسی دابەشکردن و دیزاینکردنی هەڵبژاردن دەکرێ، دەبێت ئەو لایەنانە وەڵام بدەنەوە کە دەڵێن قسەمان لەگەڵ کراوە بۆ بەشداریکردن لەو دیزاینە، دەبێت ئاشکرای بکەن ئەوە بدەنەوە کە بۆچی لەپێش هەڵبژاردن باسیان نەکردووە ئێمە خۆشمان گلەیمان لێییان هەیە بەڵام بڕیارە باسی بکەن کە چۆن پێییان وتراو بۆ دیزاینی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێم، بە ئەمە نەوتراوە بەس وەڵا بە ئێمە بوترایە پێش هەڵبژاردن بە خەڵکمان دەوت پێویست ناکات بچن بۆ دەنگدان نەخشەی پەرلەمانی داهاتوو داڕێژراوە و تەواو بووە. شەش خولی پەرلەمانە ساختەکاری دەکرێت، جگە لەوەی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و هەموو ئەو هەڵبژاردنانەی لە ماوەی ئەم سی و سێ ساڵە لە هەرێم بەڕێوەچووە کە هەمووی ساختەکاری کراوە، هیواخوازبوین ئەمجارە وانەبێت یان لانیکەم زۆر کەم بێت، چاوەڕێمان نەدەکرد بەولێشاوە بکرێ، ئێمە هەموو بەڵگەکانی ساختەکاریمان کۆکردۆتەوە بۆ ئەوەی تانە لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بدەین، مەکتەبی هەڵبژاردنمان هەیە هەموو کارەکانیان ڕێکخستووە و ئامارییان لایە، جگەلەوەی دەیان بەڵگەی تر کە هەرکەسوکاری خۆمان دەنگیان پێداوین و نەماون، یا لە بنکەیەکی شەقڵاوە تەنانەت نوێنەری کۆمسیۆن و یەکگرتوو و پارتیش شاهێدبوون چۆن دەنگی ئێمە حساب نەکراوە (لە فایلە دەنگیەکە عەبدولستار مەجید ڕوونکردنەوەی زیاتر لەسەر نمونەکان دەدات). دەربارەی باسکردن لەخۆکاندیدکردنەوەی من، یەکەم، من حزب کاندیدی کردووم نەک خۆم، دووەم، هەر من نیم، خەڵکی تریش لەلایەنەکان نەک جار چەند جاری تر دووبارەبوونەوە، دوای ئەوە ئەگەر خەڵکی خۆمان گللەییان بکردایە ئەوا زیاتر لە نیوەی دەنگەکانی کۆمەڵ هی هەولێر هی بەندە نەدەبوو. ڕاستە ئێمە وەک حزب کەموکوڕیمان هەیە، ڕەنگە خەڵکی خۆمان لێمان ناڕازی بێت، بەشێکی کەمی هۆکاری دەنگەکانمان دانی پێدادەنێین کەموکورتی خۆمانە و دامانناوە کۆبونەوەی سەرکردایەتی بۆ بکەین بۆ باسکردن لەو کەموکورتییانە، بەڵام ئەم دەنگانە و ئەوەی کراوە لەم هەڵبژاردنە زۆر لەوەگەورەترە کە بەهۆی کەموکورتی حزبی خۆمانەوە بڵێیین خەڵک سزای داوین دەنگی نەداوە پێمان، یانی هەندێک بەڵگە هەیە وەک خۆر وایە بە ئاسمانەوە ئەوەندە ئاشکرا و دیارە، مەعقولە دوای ئەو هەموو نەهامەتی و تاڵی و بێ موچەیی و بێ کارەبا، ئاو، خزمەتگوزاری، بێکاری دەیان گرفتی تر، کەچی پارتی و یەکێتی بە هەردووکیان زیاتر لە ملیۆن و سێ سەد هەزار دەنگ بهێنن!! ئێمە داماننابوو بەلانی کەم بەوەی ئەگەر کەموکورتییەکی حزبیشمان هەبێت-٦-٧ کورسی بهێنین. مامۆستا دارا سێکانانی پاش ئەوەی لەگەڵ ئەو لایەنانە کۆبوینەوە کە گلەیی و گومانیان لە ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن هەبوو، بە نوسراوی فەرمی داوامان لە کۆمسیۆن کرد بە دواداچونی مەیدانی بکەین، ڕۆژی 26ی ئەم مانگە سەردانی هوانەمان کرد، دیارە جگە لە پەرلەمانتاران، نوێنەرانی لایەنە ناڕازییەکان و شارەزایانی بواری ئایتی ئامادەبوون، بەڕێز سەرۆکی کۆمسیۆنیش هات، ئێمە بەشێوەی عشوائی چەند ئامێرێکی دەنگدانمان هەڵبژارد، بۆیان ڕونکردینەوە ئەم ئامێرانە دوو بەشن، بێسی هارد وێرد و سۆفتوێرد، ئەو شارەزایانە پرسیارییان کرد و کۆمسیۆن وەڵامی دەدانەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی گومان بوو وتیان بەشی سۆفت وێرد تەنها کۆمپانیا کۆرییەکە خۆیان شارەزان ئێمە زانیاریمان نیە، وە هیچ نوێنەرێکی ئەو کۆمپانیایەش لەوێ نەبوو، هەروەها بابەتی دەنگە پوچەڵەکانیش کەزیاتر بوو لە 200هەزار دەنگ بۆ ئێمە جێگای پرسیار بوو. هەروەها سەبارەت بە قسەی لایەنەکان و تەنانەت کاندیدەکانیش کە دەڵێن دەنگیان پێداوین و دەنگەکانمان دیار نەماون، ئێمە لەوێ داوامان کرد بۆ تاقیکردنەوە وەک ڕۆژی دەنگدان ئەوانەی لەوێیین دەنگ بدەین، بەڵام نەمانتوانی ئەو پڕۆسەیە ئەنجام بدەین و تاقی بکەینەوە چونکە پێییان وتین ئامێرەکان بەوجۆرە پڕۆگرام کراون کە کاتژمێر 7ی بەیانی ڕۆژی 20-10 کاربکەن هەتا 6ی ئێوارەی هەمان ڕۆژ. دەنگی ڕاستەقینەی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەیە کە لە سلێمانی دەیهێنێت چونکە دەسەڵاتی نیە و ناتوانەت فشار لە خەڵک بکات،وە دەنگی راستەقینەی یەکەتیش ئەوەیە کە لە بادینان دەیهێنەت، بۆیە دیازاینکردنی هەڵبژاردن هەر یەک جۆر نیە ئەوەیە کە پارە و دەسەڵاتی حکومەت بەکاربهێنی بۆ بەرژەوەندی لایەنێکی دیاریکراو. سولەیمان مستەفا بەپێی یاسای کۆمسیۆن لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجانی کۆتایی هەڵبژاردن لە ڕۆژی دواتر پاش بڵاوبونەوەی لایەنەکان بۆیان هەیە لەماوەی سێ ڕۆژدا تانە لەو ئەنجامانە بدرێت، واتە لەئەمڕۆ چوارشەممەوە هەتا یەکشەمە، بەڵام هەینی حساب ناکرێ لایەنەکانی کە گومان گلەییان هەیە وەک خۆیان دەڵێن دەتوانن لەڕێگای ئۆفیسەکانی کۆمسیۆنەوە تانەکانیان ئاڕاستەی دەستەی دادوەری هەڵبژاردن بکەن، دەستەی دادوەریش دەبێت لەماوەی حەوت ڕۆژدا سەرجەم بەڵگە و سکاڵاکانی لایەنە زیانمەندەکان ئاڕاستەی ئەنجومەنی کۆمسیاران بکات بۆ وەڵامدانەوە یا سەلماندنی، پاشان کە وەڵامەکە هاتەوە ئەگەر دەستەی دادوەری بڕوای نەهات بەو بەڵگانە و بڕیاری ئەنجومەنی کۆمسیاران سەبارەت بە ئەنجامی کۆتایی پەسەند دەکات و تانەی لایەنە زیانمەندەکانیش ڕەتدەکاتەوە، ئەو لایەنانەش بۆیان نیە لەبەردەم هیچ دادگایەکی تر تانە لەو بڕیارە بدەن، چونکە بڕیارەکانی دەستەی دادوەری هەڵبژاردن شیانی تانەلێدان نین. دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان هیچ شتێک لەدەستی کۆمسیۆن نەماوە، ئێستا بابەتەکە یاساییە بۆ ئەوەی ئەو لایەنانەی خۆیان بەزیانمەند دەزانن داوای مافی خۆیان بکەن لەڕێگای یاساوە، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی دەستەی دادوەری هەڵبژاردنە دوای ئەوەی لایەنەکان تانەیان لە بڕیاری کۆمسیاراندا سەبارەت بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ئەو لایەنانە بەڵگەکانی خۆیان بۆ ئەو بانگەشانەی دەیکەن پێشکەشی ئەو دەستەیەی دەکەن، دەستەکە ئەگەر بڕوای بەبەڵگەکان نەهات ئەوا ئەنجامەکان پەسەند دەکات، ئەگەر بڕوای بەبەڵگەکانیش هات ئەوا بڕیاری دادگایە ئەنجامەکان بگۆڕێ یا پێداچونەوە بەهەر بنکە و وێستگەیەک بکات، یا هەر گۆڕانکاری و بڕیارێک. چاودێری وردی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکە هەبوو، بەڵام دەبێت ڕاپۆرت لەسەر پڕۆسەکە بڵاوبکەنەوە کەمن نەمبینیووە. هەتا حکومەت بێ لایەن نەبێت لەکاتی پڕۆسەی هەڵبژاردن، هەتا دەرفەتی یەکسانی بۆ هەموو لایەنەکان وەک یەک نەڕەخسێت هەتا ئەو وەزیرانەی پەیوەندیدارن بە پڕۆسەی هەڵبژاردن سێ مانگ پێش هەڵبژاردن واز لە کارەکانیان نەهێنن ناتوانین باسی مافی یەکسانی بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکان بکەین.