ئاوات شێخ جەناب: دەست لەکارکێشانەوە ناکاتە ڕۆیشتنە ماڵەوە و دەبێت دەورەو تەسلیم بکرێت و ئەستۆپاکی وەربگیرێت

دوایین نوێکردنەوە 2024-10-31 18:20:20 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕان پۆستەکەی وەرگرتووە ڕایدەگەیەنێت، نوسراوی دەست لەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی ڕادەستی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کردووە، بەڵام دەست لەکارکێشانەوەی ناکاتە ئەوەی بڕواتە ماڵەوەو دەبێت چاوەڕێی ڕێوشوێنە ئیدارییەکان بکات. ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" دوای ڕاگەیەنراوەکەی گۆڕان بۆ کشانەوە لە حکومەت نوسراوی دەست لەکارکێشانەوەم ڕادەستی سەرۆکی حکومەت کرد، بەڵام دەست لەکارکێشانەوە ناکاتە ئەوەی بچیتەوە ماڵەوە، بەڵکو دەبێت دەورەو تەسلیم بکەیت و کەسێک بێتە جێگەکەت ئیش و کارەکان ڕایی بکات." لە ڕۆژی 15 ی دەی 2024، دانا ئەحمەد مەجید وەکو ڕێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوەو وێڕای داوای لێبوردن لە دەنگدەرانی بزووتنەوەکە، کشانەوەی گۆڕانیشی لە حکومەت ڕاگەیاند. ئاوات شێخ جەناب وتیشی،"وەزارەتی دارایی گرێدراوە بە ژیانی خەڵکەوەو ناچم کێشە بۆ ژیانی خەڵک دروست بکەم، ناشکرێت بە بێ وەرگرتنی ئەستۆپاکی وەزارەت جێبهێڵرێت." ڕۆژی 28 ی مانگی نۆی 2024، عومەری سەید عەلی ڕێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان، پۆستەکەی ڕادەستی دانا ئەحمەد مەجید پارێزگاری پێشووتری سلێمانی کرد، بەڵام لەلایەن چیا نەوشیروان مستەفاوە کە دان بەو گۆڕانکارییەدا نانێت دەرگای گردی زەرگەتەیان بەڕوودا داخرا. لەکاتێکدا لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردن دا دانا ئەحمەد مەجید وەکو ڕێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان گوتاری دەدا، هاوکات ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان و نزیک لە چیا نەوشیروان مستەفا، کە ڕێکخەرێتی دانا ئەحمەد ڕەتدەکەنەوە بە ناوی جڤاتی هەڵبژێردراوەوە پەیامیان بڵاودەکردەوە. هەردوو باڵەکەی بزووتنەوەی گۆڕان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دا پاڵپشتی کاندیدەکانیان کرد، بزووتنەوەکە بووە خاوەنی تەنها یەک  کورسی لە پەرلەمانی کوردستان ، ئەمەش بە "شکستی گەورە" بۆ گۆڕان دانرا بەو پێیەی لە ساڵی 2009 خاوەنی 25 کورسی پەرلەمانی بوو. بەرپرسێکی بزووتنەوەی گۆڕان لە حکومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانی کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"باڵی بزووتنەوەی گۆڕان کە لەلایەن کوڕەکانی کاک نەوشیروانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، ئاگاداریان کردینەوە لە حکومەت دا بمێنینەوەو باڵەکەی تر نوێنەرایەتی گۆڕان ناکات." هەروەها وتیشی،"باڵی کاک دانای ئەحمەد مەجید دەیانەوێت پۆستەکانمان بەجێبهێڵین و وەکو موعەوەم دەوام بکەین، بەڵام زۆرینەی بەرپرسانی گۆڕان لە حکومەت دا ماوینەتەوەو پۆستەکانمان بە جێنەهێشتووە." بزووتنەوەی گۆڕان کە لە گەڵ پارتی و یەکێتیدا بەشداری حکومەتی هەرێمی کردووە، جگە لە جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزارەتەکانی دارایی، کاروباری کۆمەڵایەتی، ئاوەدانکردووەو بازرگانی، خاوەنی چەندین پۆستی تری گرنگە لە سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکان. سەباری ڕاگەیەنراوەکەی دانا ئەحمەد مەجید بۆ کشانەوەی بەرپرسانی گۆڕان لە حکومەتی هەرێم، بەڵام هێشتا زۆربەی بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان پابەندی بڕیارەکە نەبوون و لە پۆستەکانیان ماونەتەوە. هێمن شێخانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان و بەرپرسی مەکۆی هەولێر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بابەتی کشانەوە لە حکومەت دەبووایە لەلایەن جڤاتی نیشتمانییەوە بدرێت، هۆکاری ئەوەی بڕیاری کشانەوەکە بە تەواوی جێبەجێنەکراوە ئەوەیە بەشێکیان پێیانوایە جڤاتی نیشتمانی بڕیارەکەی نەداوە، بۆیە پابەند نابن." دانا ئەحمەد مەجید، وەکو ڕێکخەری نوێی بزووتنەوەی گۆڕان، ئۆپۆزسیۆن بوون و بەشداری نەکردنی لە حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان دا ڕاگەیاند، لەکاتێکدا پێشبینی دەکرێت باڵی نزیک لە چیا نەوشیروان مستەفاش لەمەدا هاوڕابن بەو پێیەی کورسی پێویستیان لە پەرلەمان بەدەست نەهێناوە. هێمن شێخانی دەڵێت،"پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وەکو سەرکردایەتی بزووتنەوەی گۆڕان پێمانوابوو بەشداری کردنمان لە حکومەتێکی شکستخواردوودا وایکرد خەڵک بگاتە ئەو بڕوایەی هەر لایەنێک لە یەکێتی و پارتی نزیک ببێتەوە چاکسازی پێ ناکرێت." ئەو وتیشی،"خەڵک دەبینێت یەکێتی و پارتی لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی خۆیان ناتوانن چاکسازی بکەن، بۆیە دەنگدەرانی گۆڕان سزایانداین، چونکە سەرباری بەشداریکردنمان لە حکومەت بە ئامانجی چاکسازی، سەرکەوتوو نەبووین و یەکێتی و پارتی بێ بەڵێن بوون." لەکاتێکدا باڵی چیا نەوشیروان مستەفا لە ژێر ناوی جڤاتی هەڵبژێردراوی گۆڕاندا سەرقاڵی کارکردنن لە گردی زەرگەتە، هاوکات باڵی دانا ئەحمەد مەجیدیش لە گەڕەکی کوردسات ی شاری سلێمانی بەهەمان ناوەوە کاردەکەن، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا خاوەندارێتیکردنی ناوی گۆڕان بە یاسا یەکلایی بکرێتەوە.