شرۆڤەکاران دەڵێن هێرشەکانی ئیسڕائیل زیانییان بە ئێران گەیاندووە

دوایین نوێکردنەوە 2024-11-01 20:31:21 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

لە کاتێکدا کە ملکەچی داواکانی ئەمەریکا بوو بۆ خۆبەدوورگرتن لە بە ئامانجکردنی ژێرخانی ئەتۆمی و نەوتی ئێرانی، شڕۆڤەکاران دەڵێن ئیسڕائیل لە هێرشە ئاسمانییەکانیدا بۆ سەر ئێران زیانێکی توندی گەیاند بە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران و توانا موشەکییەکانی و دەکرێت هێرشی بەرفراوانتر بکاتە سەر کۆماری ئیسلامی. دوابەدوای هێرشە ئاسمانییەکەی 1 ی مانگی 10 ی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل، کە وەکو وەڵامێک بوون بۆ هێرشەکانی ئیسڕائیل کە سەرکردە باڵاکانی حزبوڵا و حەماسی هاوپەیمانی ئێرانییان کوشت، ترس هەبوون لەوەی ئیسڕائیل بە شێوەیەک وەڵامی ئێران بداتەوە کە ببێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی جیهانی. لەلای خۆیەوە ئەمەریکا کە هەوڵیداوە ڕێگری بکات لە پەرەسەندنی شەڕەکە، فشاری کردە سەر ئیسڕائیلی هاوپەیمانی تاوەکو خۆی بە دووربگرێت لە هێرشکردنە سەر ژێرخانی ئەتۆمی یاخود ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی ئێرانی. لە جیاتی ئەوە، ئیسڕائیل لە 26 ی مانگی 10 دا هێرشی ئاسمانی کردە سەر سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی ئێران و سێ ناوەندی سەرەکی بەرهەمهێنانی موشەک و چەندین خاڵی پاسەوانی پاڵاوگەکانی نەوت. لە کاتێکدا کە بەرپرسانی ئێران لە گرنگیی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیلییان کەمکردەوە، کە بووە هۆی کوژرانی چوار سەرباز، ئێستا ڕوون بووەتەوە کە ئەو هێرشانە زیانێکی گەورەیان گەیاندووە و هۆشدارییەکیش بوون لە ئیسڕائیلەوە لەسەر ئەوەی کە دەتوانێت زیاتر بکات. بەپێی شیکارییەکی ناوەندی هەدسن لە واشنتن " ئامانجەکانی ئیسڕائیل پێشنیاری ئەوە دەکەن کە ویستوویەتی توانای گرنگی بەرهەمهێنانی موشەکی ئێرانی تێک بدات و کارئاسانی بکات بۆ خۆی بۆ ئەنجامدانی کردەوەی سەربازیی زیاتر ئەگەر شەڕەکە پەرەبسەنێت." وتیشی ئیسڕائیل نزیکەی 100 فڕۆکەی شەڕکەر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە هێرشەکەیدا بەکارهێناوە، " تواناکانی دروستکردنی موشەک و بەرگری ئاسمانی ستراتیژی ئێرانی کردە ئامانج." وتیشی " پێدەچێت ئیسڕائیل توانای ئێرانی لە ناوبردبێت بۆ بەرهەمهێنانی موشەکی باڵیستیکی مەودا ناوەند کە تاران لە هێرشەکەی 1 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل بەکاریهێنا." فابیان هینزی هاوکار لە ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوە ستراتیژییەکان لە لەندەن وتی ئیسڕائیل لە سێ ناوەندی ئێرانی داوە لە شەهرود و خۆجیر و پارچین کە ماددەی پاڵنەرییان بۆ موشەکەکان دروست کردووە. وتی " ئاماژە هەن لەسەر ئەوەی ئەوانە بە مەبەست کراونەتە ئامانج و ئەوەش ئاڵۆزی دروست دەکات لەبەردەم ئێراندا بۆ بەرهەمهێنانی موشەکەکان." هینز وتی بە ئامانجکردنی بەرگرییە ئاسمانییەکانیش زۆر گرنگ بوون. وتی " ئەوان پەیامێک دەنێرن و دەڵێن ئەگەر ئیسڕائیل بیەوێت جارێکی دیکە هێرش بکاتەوە ئەوا ئاسانتر دەبێت و گشتگیرتریش دەبێت." وادیارە کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل زیانییان گەیاندبێت بە سیستمی بەرگری ئاسمانی S-300 ی ڕووسیایی کە مۆسکۆ بە ئێرانی فرۆشتووە، ئەمەش بەپێی ناوەندی توێژینەوەی جەنگ، هەروەها پێویستییەکانی ڕووسیا بۆ ئەو جۆرە سیستمە لە جەنگەکەیدا لە ئۆکرانیا وادەکات ڕەنگە نەتوانێت ئەو سیستمانە بدات بە ئێران. ناوەندی توێژینەوەی جەنگ وتی زانیارییەکان لە ئیسڕائیلەوە لەسەر هێرشە ئاسمانییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە " ئێران لە ئێستادا هیچ سیستمێکی S-300 ی نیە کاربکات." وەزیری بەرگری ئێران عەزیز نەسیرزادە وتی ئیسڕائیل " هەوڵیدا زیان بە سیستمەکانی بەرگری و هێرشکردنمان بگەیەنێت." بەڵام لە جیاتی ئەوە " هیچ تێکدانێک نەبووە لە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی سیستمەکانی هێرشکردنی وەکو موشەکەکاندا." محەمەد محەمەد گولپایگەنی یاریدەدەری باڵای ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی ڕۆژی پێنجشەممە هۆشداریدا لەسەر " وەڵامێکی توند و پەشیمانکەرەوە " لەلایەن ئێرانەوە. ڕۆژی هەینی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری سێ بەرپرسی ئێرانییەوە بڵاویکردەوە خامنەئی ڕۆژی دووشەممە فەرمانی بە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی کردووە ئامادەکاری بکات بۆ هێرشی زیاتر بۆ سەر ئیسڕائیل لەبەرئەوەی کە " قەبارەی هێرشەکەی ئیسڕائیل ئەوەندە گەورە بووە کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت." جەنەڕاڵ هەرزی هالیڤی سوپای ئیسڕائیل هۆشداریدا و وتی ئیسڕائیل " زۆر زۆر بە قورسی " وەڵام دەداتەوە ئەگەر ئێران تۆڵە لە ئیسڕائیل بکاتەوە. هینز وتی ستراتیژی ئیسڕائیل بەرامبەر ئێران لە دوای هێرشەکانی 7 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 ی حەماسەوە بۆ سەر ئیسڕائیل گۆڕاون و سەرکردایەتییەکەی ئیسڕائیلیش بە ڕابەرایەتی بنیامین نەتانیاهو لە کەشێکدا نەبوو پاشەکشە بکات بەرامبەر کۆماری ئیسلامی. وتی " ئەگەر ئێرانییەکان هێرشێکی دیکە ئەنجام بدەن، ئەوا ئیسڕائیل ڕەنگە بە هێرشێکی دیکەی خۆیان وەڵام بدەنەوە. ئەگەر ئەوە نەکەن ئەوا ئیسڕائیل ڕەنگە ئەوە بە بانگهێشتێکی بەهێزتر سەیر بکات بۆ ئەنجامدانی هێرشی زیاتر." سەرچاوە/ فرانس پرێس