تایوان نیگەرانە لە زیادبوونی چالاکییە سەربازییەکانی چین لە ناوچەکەدا

دوایین نوێکردنەوە 2024-11-03 18:25:22 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ڕۆژی یەکشەممە وەزارەتی بەرگری چین ڕایگەیاند 35 فڕۆکەی سەربازیی چینییان بینیوە بەسەر باشووری دوورگەکەدا فڕیون لە ڕێگەیاندا بۆ ئەنجامدانی مەشقێک لە دەریای پاسێفیک، ئەمەش دووەمین ڕۆژە تایوان باس لەو چالاکییە سەربازییەی چین دەکات و دەشڵێت فڕۆکەی شەڕکەر بۆمبڕێژیشییان تێدا بووە. چین تایوانی دیموکراتخواز بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت و تایوانیش ئەوە بە توندی ئەوە ڕەت دەکاتەوە. چین بەردەوام فڕۆکە سەربازییەکانی و کەشتییە جەنگییەکانی ڕەوانەی نزیک تایوان دەکات لە هەوڵێکیدا بۆ سەپاندنی بانگەشەکانی. ئەم ڕاپۆرتانەش لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا نزیک بووەتەوە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی وڵاتەکە. ئەمەریکا بەپێی یاسا دەبێت ئامرازی بەرگریکردن بۆ تایوان دابین بکات، مانگی ڕابردوو بە بەهای 2 ملیۆن سیستمی موشەکی بە تایوان فرۆشت، ئەوەش چینی توڕە کرد. وەزارەتی بەرگری تایوان وتی لە کاتژمێر 9 ی بەیانی ڕۆژی یەکشەممەوە 37 فڕۆکەی سەربازیی چینی بینیوە، بە فڕۆکەی J-16 ی شەڕکەر و دڕۆن و فڕۆکەی بۆمبڕێژکەری H-6 یشەوە. وەزارەتەکە وتی لە نێو ئەو فڕۆکانەدا 35 فڕۆکەیان بەسەر باشووری ڕۆژئاوا و باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی تایواندا فڕیون و لە ڕێگەدابوون بۆ ڕۆژئاوای دەریای پاسێفیک بۆ ئەنجامدانی مەشقێکی تەقەکردنی مەودا دوور. وتیشی هێزی خۆی ڕەوانەکردووە بۆ چاودێریکردنی ئەو فڕۆکانە. ڕۆژی شەممە وەزارەتەکە وتی چین لە نزیک تایوان " ئەرکێکی دیکەی ئێشکگری هاوبەشی " ئەنجامداوە بە کەشتییە جەنگییەکان و فڕۆکەکانی. مانگی ڕابردوو چین مەشقێکی جەنگی گەورەی لە دەوروبەری تایوان ئەنجامدا و وتی مەشقەکە هۆشدارییەکە دژی " کردەوە جیاخوازییەکان." حکومەتەکانی تایوان و ئەمەریکاش سەرکۆنەیان کرد. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز