ئیسڕائیل ڕایگەیاند هێرشێکی زەمینی کردووەتە سەر سوریا و هاووڵاتییەکی سوریایی دەستبەسەر کردووە کە گوایە بەشدارە لە تۆڕێکی ئێرانیدا بۆ پشتیوانیکردن لە گروپە چەکدارییەکان لە ناوچەکەدا. هێرشەکەی ئیسڕائیل لەسەر خاکی سوریا یەکەم هێرشی بوو لە ماوەی ململانێ 13 مانگییەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. سوریا دەستبەجێ ئەو هێرشەی پشتڕاست نەکردووەتەوە. سوپای ئیسڕائیل بە دیاریکراویی نەیوت هێرشەکە لە کوێ ئەنجام دراوە یاخود کەی بووە، بەڵام وتی ئەو پیاوەی دەستبەسەرییان کردووە ناوی عەلی سولەیمان ئەلعاسییە و لە ناوچەی سەیدای باشووری سوریا ژیاوە. ئیسڕائیل وتی چەندین مانگە ئەو کەسە لە ژێر چاودێری سەربازیی ئیسڕائیلدایە و بەشداربووە لە دەستپێشخەرییەکانی ئێراندا بۆ بە ئامانجکردنی ناوچەکانی بەرزاییەکانی گۆلان لە نزیک سنووری سوریا. سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا