ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە پێشێلکارییەکان لە بەرامبەر مافەکانی ژنان لە ئێران لە مانگی 10 ی ئەمساڵدا، ڕێکخراوەکە بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان و بەڵگەنامەکانی لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دەدات کە لە مانگی 10 دا لانیکەم 6 چالاکەوانی ژن دەستبەسەر کراون و 24 چالاکەوانی دیکەی ژنیش لەلایەن دەزگای دادوەری ئێرانەوە سزای زیندانیکردنییان بەسەر سەپێندراوە. هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە لە مانگی ڕابردوودا لانیکەم 10 حاڵەتی ژن کوشتن هەبووە و 5 ژنی زیندانیکراو لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا سزای لە سێدارەدانییان بەسەردا سەپێندراوە. لە ماوەی مانگی 10 ی ساڵی 2024 دا، پێنج ژن سزای لە سێدارەدانییان بەسەردا جێبەجێکراوە. زارا فەیزی و نەستەرەن فیرووزی کە هەردووکیان خەڵکی تەورێزن لە زیندانی تەورێز لە سێدارە دراون. ئەختەر قوربانلوو خەڵکی ئەهەر لە زیندانی ئەهەر لە سێدارە دراوە. هەنگاو ئاماژە بەوە دەدات کە هێشتا بە دواداچوون دەکرێت بۆ زانینی ناسنامەی ئەو دوو ژنەی دیکە کە لە زیندانەکانی هەمەدان و قزڵحیساری کەرەج لە سێدارە دراون. هەنگاو دەڵێت لە مانگی 10 دا لانیکەم 6 چالاکەوانی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران دەستبەسەر کراون، دووانییان چالاکەوانی ژنی کورد بوون. هەروەها بەپێی ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ئەو مانگەدا لانیکەم 24 چالاکەوانی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران سزای 111 ساڵ و 16 ڕۆژ زیندانیکردنییان بەسەردا سەپێندراوە. لانیکەم 12 چالاکەوانی ژنی بەهایی و 7 چالاکەوانی ژنی کورد لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای زیندانیکردنییان بەسەردا سەپێندراوە. هەنگاو دەڵێت " دەستبەسەرکران و سزادانی ژنان یەکێک لە شێوە جێکەوتووەکانی هەڵاواردن لە حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە. لە دوای ڕەوتی شۆڕشی " ژن ژیان ئازادی " گوشارەکان لەسەر چالاکانی ژن قەبارەیەکی بەربڵاوتر و سەختتری بەخۆیەوە بینیوە. کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی ڕێکخراوانە بەردەوام لە کاتی هاتنە سەرکارییەوە هەوڵی داوە تا ئەو جێی بۆی دەکرێت گۆڕەپانی چالاکیی کۆمەڵایەتی و سیاسی و مافی مرۆڤی بۆ ژنان بەرتەسکتر بکاتەوە. سیاسەتەکانی جیاکردنەوەی سێکسی و ڕەگەزی و هەروەها پەڕاوێزخستنی زیاتری کۆمەڵگای کەمینە سێکسی و ڕەگەزییەکان لە ڕێگای بە سزاناساندنی ناسنامەیانەوە یەکێک لە سیاسەتە جددییەکانی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ئێراندایە." هەر لە مانگی 10 دا لانیکەم 10 ژن لە ئێران کوژراون، کوژرانی 10 ژنییان بە دەستی کەسانی نزیکی خۆیان وەکو هاوژینەکانییان بووە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتەی هەنگاو، 7 ژن لەلایەن هاوژینەکانییان و 2 ژن لەلایەن کەسە نزیکەکانییان و 1 ژنی دیکەش بە دەستی کەسێکی نەناسراو کوژراون. ڕێکخراوەکەی مافەکانی مرۆڤ وتیشی " ژنکوژی بەرزترین ئاستی دژایەتیی ژنانە لە کۆمەڵگادا. کوشتنی ژنان بە پاساوی پاراستنی نامووس تەنیا بەشێک لە ژنکوژییەکان لەخۆ دەگرێت. بنەمای سەرەکیی ژنکوژی لە کۆمەڵگاکاندا مێژوو، بۆنەکان و یاسا پیاوسالار و دژە ژنانەکانە. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تەنیا لە ساڵی پێشوودا 122 ژنکوژی لە ئێراندا تۆمارکراوە کە بەشێکی هەرە زۆری ئەو کوشتنانە لەلایەن ئەندامانی بنەماڵە و کەسە نزیکەکانی ئەو ژنانەوە ئەنجام دراون. یاسا و بیری دژە ژنانە ڕقێکی قووڵ دژ بە ژنان ئاسایی دەکاتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی کوشتنی ژنان بە شێوەیەکی ئاساییتر و بێ تێچووتر ئەنجام بدرێت." سەرچاوە/ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو