توێژینەوەیەک: چۆلەکە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنیدا ژمارەی هاوڕێکانی کەمدەکاتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2024-11-05 21:35:21 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

توێژینەوەیەک دەڵێت چۆلەکە، هاوشێوەی مرۆڤ، لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنیدا ژمارەی ئەو چۆلەکانەی کە بە هاوڕێی خۆیان دادەنێت کەمدەکاتەوە. توێژەران دەڵێن ڕەنگە هۆکارەکەی ئەوە بێت چۆلەکە لەدوای پێگەیشتنیدا پێویستی بە کۆمەڵ کەمتربێتەوە و هیچ پاڵنەرێکی پەرەسەندنی نییە بۆ دۆزینەوەی هاوڕێی زیاتر. بۆ تێگەیشتن لەم پرسە، کۆمەڵێک توێژەر لە کۆلێژی شاهانەی لەندەن هەستاون بە لێکۆڵینەوە لە هەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتییەکانی گروپێکی چۆلەکە لە دورگەی لوندی ئەو وڵاتە. چۆلەکە بە یەکێک لە باڵندە زۆر کۆمەڵایەتییەکان دادەندرێت کە ئەندامانی زۆربەی چالاکییەکانیان بە کۆمەڵ ئەنجام دەدەن، لە نێوانیان کۆکردنەوەی خۆراک و خۆشۆردن لە ئاو و خۆڵەپەتانێ و جریواندنی بەکۆمەڵ. لێکۆڵەرەکانی کۆلێژی شاهانەی لەندەن بۆیان دەرکەوتووە ئەو چۆلەکانەی تەمەنیان بچوکە بەڕێژەیەکی بەرچاو "هاوڕێیەتی" یەکتر دەکەن و بە کۆمەڵ ڕەفتار دەکەن. بە پێچەوانەوە، چۆلەکە بەتەمەنەکان ژمارەی هاوڕێکانیان لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنیان کەمتر بووەتەوە. لێکۆڵەرەکان دەڵێن ڕەنگە هۆکارەکەی ئەوە بێت ئەو چۆلەکانەی تازە پێدەگەن پێویستییان بە کاری بە کۆمەڵی زیاتر هەیە بۆ دەستکەوتنی خواردن و خۆپارێزی لە مەترسییەکان، لە کاتێکدا چۆلەکە بەتەمەنەکان ئەو پێویستییە کۆمەڵایەتییەیان کەمترە و ئەزموونی خۆپارێزییان زیاترە. یەکێک لە بەشداربووانی لێکۆڵینەوەکە، جولیا شڕۆیدەر، لەمبارەوە ڕایگەیاند، "ڕەنگە هەمان پاڵنەری پەرەسەندن لە مرۆڤیشدا هۆکاربێت، بەو واتایەی مرۆڤە بەتەمەنەکان کەمتر پیویستییان بە هاوڕێی نوێ هەیە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنیان." لە لێکۆڵینەوەیەکی تردا کە لەلایەن هەردوو زانکۆی ئێگزێتەر و ئیدنبێر ئەنجام دراوە، دەرکەوتووە هەمان دیاردە لەنێو کۆمەڵەکانی مەیمون بەدی دەکرێت، بەوەی مەیمونەکان لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنیان بازنەی کۆمەڵایەتیشیان بچوکتر دەبێتەوە. لێکۆڵینەوەکە دەڵێت بچووکبوونەوەی بازنە کۆمەڵایەتییەکان دەبێتە هۆی پاراستنی مەیموونە بەتەمەنەکان لە نەخۆشییە گوازراوەکان.