بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە بە هۆی "کەمبوونەوەی متمانە"، یۆئاڤ گالانت وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی لە کارەکەی دوورخستەوە و وەزیری دەرەوەی پێشوو 'ئیسرائیل کاتز' ی لە جێگە دانا. نوسینگەی نەتانیاهۆ لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، سەرۆک وەزیران گیدۆن ساری وەک وەزیری نوێی دەرەوەی وڵات دەستنیشان کردووە. گالانت و نەتانیاهۆ کە هەردووکیان لە پارتی ڕاستڕەوی لیکودن، ماوەی چەند مانگێکە ناکۆکیان هەیە لەسەر ئامانجەکانی شەڕی 13 مانگەی ئیسرائیل لە غەززە لە دژی چەکدارانی حەماس. ناتانیاهۆ گوتی گالانت لێدوانی داوە کە "پێچەوانەی بڕیارەکانی حکومەت و بڕیارەکانی کابینەی حکومەتە". لە وەڵامدا گالانت گوتی: ئاسایشی ئیسرائیل هەمیشە ئەرکی ژیانم بووە و بۆ هەمیشەش دەمێنێتەوە." ڕاپۆرتەکان لە مانگی نۆدا ئاشکرایان کرد کە ناتانیاهۆ لە ژێر فشاری هاوبەشەکانی هاوپەیمانی ڕاستڕەوی توندڕەو بیر لە دوورخستنەوەی گالانت دەکاتەوە. وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕۆژی چوارشەممە، ڕۆژێک دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا، گەشت بۆ ئیسرائیل و ناوچە فەلەستینییەکان دەکات، بۆ ئەوەی فشار بخاتە سەر ئیسرائیل لە ڕووی دیپلۆماسییەوە کار بکات بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکانی غەززە و لوبنان. پێشتریش ڕۆژی سێشەممە، هێزەکانی ئیسرائیل فەرمانی نوێی چۆڵکردنیان لە باکووری کەرتی غەززە دەرکرد و هێرشی سەربازییان ئەنجامدا کە کاربەدەستانی پزیشکی و میدیاکانی فەلەستینی ڕایانگەیاند، لە شەوی دووشەممەوە لانیکەم 35 کەس کوژراون. شەڕی غەززە دەستی پێکرد دوای ئەوەی حەماس لە 7ی مانگی دەی ڕابردوو هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار و 200 کەس کوژران و سەدان کەسیشیان بە بارمتە گرت. سەرچاوە: ڕۆیتەرز