دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە بە کاتی واشنتنی پایتەخت، ڕاگەیەندرا کە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی براوە بووە، ئەمەش دوای ئەوەی لە هەردوو ویلایەتی پێنسلڤانیا و ویسکەنسن سەرکەوتنی بەسەر ڕکابەرە دیموکراتەکەی کامڵا هێرس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا یەکلابووەوە. شەوی سێشەممە هەر لە پاش داخستنی بنکەکانی دەنگدان بە ماوەیەکی کورت ئەنجامی ویلایەت لە دوای ویلایەت بڵاوکرایەوە. سەرەتا دانۆڵد ترامپ پێشکەوت، بەڵام دوای سەرکەوتنی کامڵا لە ویلایەتی کالیفۆرنیا، دەنگی پشتیوانی لە هەردوو کاندیدەکە نزیکبوونەوە، بەڵام زۆری نەبرد ئەو دوو ویلایەتە، پێنسلڤانیا و ویسکەنسن، کە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2020 دەنگیان بۆ جۆو بایدن کاندیدی دیموکراتەکان دا، ئەم جارە دەنگەکانیان چوو بۆ دانۆڵد ترامپی کاندیدی کۆمارییەکان. هەروەها کۆمارییەکان لەم هەڵبژاردنەدا توانییان ببنە زۆرینە لە ئەنجومەنی سینات، بەڵام هێشتا ڕوون نییە لە ئەنجومەنی نوێنەراندا کێ زۆرینە دەبێت. دانۆڵد ترامپ، پاش ئەوەی دڵنیابووەوە لەوەی ئەو پشتیوانییەی بەدەستهێناوە ببێتەوە بە سەرۆک، لە گردبوونەوەیەکی لایەنگرانی لە فلۆریدا، سەرکەوتنی خۆی ڕاگەیاند و سوپاسی جەماوەرەکەی کرد و وتی سەرکەوتنەکەی بێ وێنەیە و لەو بڕوایەدایە ئەوە مەزنترین بزوتنەوەی سیاسییە لە مێژووی وڵاتەکەدا. بەڵێنیشی دا کاربکات بۆ بەدیهێنانی ئەمەریکاییەکی بەهێز و ئارام و گەشاوە.