پێشەوا هەورامانی: پرۆژەی هەژماری من پرۆژەی یەکێتی و پارتی نییە و هی حکومەتی هەرێمی کوردستانە

دوایین نوێکردنەوە 2024-11-06 22:40:21 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوار شەممە 6ی مانگی یانزەی 2024، لە دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێم کۆبووەیەوە و گفتوگۆی لەسەر سێ تەوەرکرد، تەوەرەکان بریتیبوون لە پرسی سەرژمێری و بابەتی موچە و دەستپێکردنەوەی هەرنادەی نەوتی کوردستان. پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوایی کۆبوونەوەکە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،" ئەنجومەنی وەزیران لە کەشێکی ئەرێنیدا بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی و وەزیران کۆبوویەوە و گفتوگۆی لەسەر سێ تەوەرکرد، لەبابەتی سەرژمێری ئەنجومەنی وەزیران قسەی ئەوەیە کە سەرژمێری نابێت هیچ کاریگەریەکی نەرێنی لەسەر مادەی 140 هەبێت، هەروەها سەرژمێری بەمانای یەک لاکردنەوەی پرسی ناوچە جێناکۆکەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم نییە و ئێمە پاڵپشتی ئەوە دەکەین سەرژمێری ئەنجام بدرێت لەگەڵ هەندێک تێبینی کە چەند ڕۆژێکی کەممان لەبەردەستە بۆ ئەوەی کە ئەو تێبینیانە بگەیەنین بە حکومەتی ناوەندی و بۆ ئەوەی گفتەگۆ لەگەڵ حکومەتی ناوەند بکەین." سەبارەت بەوەی هەر مانگە و بەجۆرێک موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەپەڕی دێتە پێش و لە وادەی خۆی لە بەغداوە ناگاتە هەرێم و موچە خۆران لەوادەی خۆی موچەکانیان وەرناگرن. پێشەوا هەورامانی، وتیشی،" تیمێکی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی سێ ڕۆژ لە بەغدایە لەسەر کۆمەڵێک تێبینی گفتوگۆ دەکەن کە پیشتووترهەبوو لەسەر موچە ئەوەی کە مایەی دڵخۆشییە، وەک هەواڵێکی باش باسی بکەین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە پەیوەندیەکی باش داین و هەمووان دەزانن کە دادگای فیدراڵی بڕیارێکی داوە لە بابەتی موچە نابێت تێکەڵ بە ململانێی سیاسی بکرێتن دەبێت موچە چۆن لە ناوچەکانی دیکە دابەشدەکرێت بەو جۆرەش خەڵکی هەرێمی کوردستان موچەکانیان وەربگرن، ئەو سێ مانگەی کە ماوە تیمە تەکنیکیەکانی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆدان تا موچەی ئەم چەند مانگەش بنێردرێت." گەرچی پرۆسەی تۆمارکردن لە " هەژماری من" لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامی هەیە و موچە خۆران تۆماردەکرێن تا لەمەولا هاوشێوەی وڵاتانی دونیا موچە خۆرانی هەرێمی کوردستان موچەکانیان وەربگرن، بەڵام لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە 20ی مانگی دەی ئەمساڵ بەڕێوەچوو، یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەفەرمی دژی " هەژماری من" وەستایەوە و وتی ئێمە لەگەڵ پرۆسەکە نین و " تەوتین"ی حکومەتی فیدراڵیمان دەوێت و بەرپرسانی یەکێتی فەرمانیان کرد و پرۆسەی" هەژماری من" لە سنوری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان وڕاپەڕین بە فەرمی ڕاگیراوە و دەستکرا بە تەوتین، ئەوەش تیمی پارتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان نیگەران کرد. پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند،" پرۆژەی هەژماری من پرۆژەی یەکێتی و پارتی نیە و هی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەک پرۆژەی ئەنجومەنی وەزیران دەمێنێتەوە و هەموو لایەنەکان خاوەنی ئەم پرۆژەیەن." بە گوتەی بەرپرسانی پرۆژەی هەژماری من تائێستا 700 هەزار فەرمانبەر لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و بڕیاریشە تا کۆتای ئەمساڵ ژمارەکە بگات بە یەک ملیۆن فەرمانبەر. وتەبێژی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد لەم مانگەی کە موچە دابەشدەکرێت 200 هەزار فەرمانبەر لەڕێگای هەژماری منەوە موچەکانیان وەردەگرن و وتیشی،" سی بانکی دیکە داوایان کردووە بێنە ناو پرۆسەکەوە بە ڕەچاوکردنی ئەو مەرجانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەچاویان دەکات بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندی حکومەتی فیدراڵ سەیری دۆسیەکانیان دەکرێت و مەرج نیە قبوڵ بکرێن و هەر بانکێک موعتەریف نەبێت و لەلایەن گەنجینەی ئەمەریکاوە دانپێدانانی نەبێت و بلاک لیست نەبێت بۆیان هەیە بێنە ناو پرۆسەکەوە." وتیشی "پەیوەندیەکی باش هەیە لەنێوان بانکی ناوەندی و تیمی هەژماری من پێکەوە کۆبوونەوەیان هەیە و زانیاری ئالۆگۆڕ دەکەن و لەم ڕۆژانە تیمی هەژماری من سەردانی بەغدا دەکات لەگەڵ بانکی ناوەندی حکومەتی فیدراڵ کۆدەبێتەوە." رۆژی 25ی سێی 2023 دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس کەیسێکی لە دژی تورکیا و بەرژەوەندی حکومەتی عێراق یەکلاکردەوە، کە بووە هۆی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای تورکیاوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوکاتەوە تائێستا کەوتووەتە قەیرانێکی قوڵی داراییەوە و دەیان جار شاندی هەرێم و بەغدا کۆبوونەتەوە و بەڵام دانیشتنەکان بەو ئاراستەیە نزیک بوونەتەوە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگای سۆمۆوە دەستپێبکاتەوە. پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتیشی،" لەسەر نەوتی هەرێمی کوردستان حکومەتی فیدراڵ قسەی هەبووئەمانەوێت ڕایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەستپێکەوە لە یەکەم ڕۆژەوە ئاسانکاری کردووە و سەرۆک وەزیرانی هەرێم بەردەوام لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و لێک تێگەیشتنەکان دەرئەنجامی باشی هەبووە و ئێمە هیچکات نەمانویستووە ڕێگر بین لە ناردنە دەرەوەی نەوتی کوردستان ئێستاش حکومەتی فیدراڵی ئەو بڕیارەی داوە کە 16 دۆلار بۆ تێچوو و گواستنەوەی نەوت وەکو سولفەیەکە بۆ ماوەی شەست ڕۆژ و دواتر تەڕەفی سێیەم بێتە ناو گفتوگۆکانەوە بۆ ئەوەی ئەو پرسە یەک لابکاتەوە بۆ ئەوەی حکومەتی فیدراڵ بێنە هەرێمی کوردستان و بزانن تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستان چەندی تێدەچێت."