لە ڕیفراندۆمی هەموارکردنەوەی قەدەغەکردنی لەباربردنی منداڵ کە هاوکاتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە 10 ویلایەتی ئەم وڵاتە بەڕێوەچوو، دەنگدەرانی حەوت ویلایەت بە ئەرێنی وەڵامی هەموارکردنەوەکەیان دایەوە. دادگای باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دوو ساڵ لەمەوبەر بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە پەنجا ساڵەی کە بە "رۆی بەرامبەر وەید" ناسراوە، ڕێگەی خۆشکرد بۆ جێبەجێکردنی قەدەغەکردنی لەباربردن لە زۆربەی ویلایەتەکانی ژێر کۆنترۆڵی کۆمارییەکاندا. بەپێی ڕاپۆرتێکی دەنگی ئەمەریکا، هاووڵاتییان لە 7 ویلایەتی میزۆری، ئەریزۆنا، کۆلۆرادۆ، مێریلەند، مۆنتانا، نیڤادا و نیویۆرک ڕێککەوتن لەسەر لابردنی قەدەغەکردنی مافی لەباربردنی منداڵ. بەڵام دەنگدەرانی فلۆریدا و نێبراسکا و داکۆتای باشوور دەنگیان بە دژی هەموارکردنە پێشنیار کراوەکە دا و داوای بەردەوامی قەدەغەکردنی لەباربردنی منداڵیان لەو ویلایەتانەدا کرد. بەم شێوەیە قەدەغەکردنی لەباربردنی منداڵ لە دوای هەفتەی شەشەمی دووگیانی، لەنێویاندا لە ویلایەتی فلۆریدا، بە شێوەیەکی هەمیشەیی جێبەجێ دەکرێت. بەڵام لەو ویلایەتانەی کە ئازادی لەباربردنیان دەوێت، هەڵوەشاندنەوەی قەدەغەکردنەکە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و پارێزەران دەبێت داوا لە دادگاکان بکەن یاساکان لەگەڵ هەموارکردنە نوێیەکەدا بگونجێنن. لە کاتێکدا کە یاسای قەدەغەکردنی لەباربردنی منداڵ لە هەموو قۆناغەکانی دووگیانیدا لە 13 ویلایەتی ئەمەریکادا جێبەجێ دەکرێت،بەڵام ئاماری مانگانەی لەباربردنی منداڵ ئاماژە بە گەشەیەکی ڕێژەیی دەکات. بەگوێرەی ڕاپۆرتکەی دەنگی ئەمەریکا، لایەنگرانی مافی لەباربردن پێیان وایە ئەم قەدەغەکردنە دەستڕاگەیشتن بە ژنان بەتایبەتی لەنێو گروپە کەمداهاتەکان و کەمینەکاندا سنووردار کردووە بۆ خزمەتگوزارییەکانی پەیوەست بە لەباربردن. ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە ترامپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئه مەریکا، هەڵوێستێکی پتەوەی لەسەر مافی لەباربردنی منداڵ نەبووە و بڕیارەکەی بۆ بەرپرسانی ویلایەتەکان جێهێشتووە، بەڵام سەرۆکی هەڵبژێردراوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە پەنابردن بۆ کردەوەی جێبەجێکردن توانای کاریگەری لەسەر سیاسەتی لەباربردنی منداڵ دەبێت. سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا