سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا و لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا، بەڵێنی زۆری داوە بۆ جێبەجێکردنی کۆمەڵێک پلان و لە ئیستاشدا و دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، کارنامەیەکی بەرفراوانی لەسەر پرسەکانی سیاسەتی دەرەوی ئەمەریکا و باج و ڕێکخستن و پرسە کولتوورییەکان خستوەتەڕوو بۆ جێبەجێکردن. ئەمانەی خوارەوە چاوخشاندنێکە بەسەر ئەو شتانەی کە ترامپ وەک بەشێک لە پلانەکانی کارکردنی پێشنیاری کردوون: بەرگری نیشتمانی و ڕۆڵی ئەمەریکا لە جیهاندا ڕوانگە و ڕێبازی سیاسەتی ترامپ لە کاروباری جیهانیدا لە ڕووی دیپلۆماسییەوە گۆشەگیرانە و لە ڕووی سەربازییەوە دەستوەرنەدانە لە کاروباری وڵاتانی دیکە و لە ڕووی ئابووریشەوە پارێزگاریخوازانەترە لەوەی کە ئەمەریکا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە بووە. بەڵام وردەکارییەکان ئاڵۆزترن. ئەو بەڵێنی فراوانکردنی سەربازی دەدات، بەڵێن دەدات پارەی پنتاگۆن زیاد بکات و قەڵغانێکی نوێی بەرگری مووشەکیشی پێشنیار کردووە کە بیرۆکەیەکی کۆنە لە سەردەمی ڕیگان لە کاتی جەنگی سارددا. ترامپ پێداگری دەکات کە دەتوانێت کۆتایی بە شەڕی ڕووسیا لە ئۆکرانیا و شەڕی ئیسرائیل و حەماس بهێنێت، بەبێ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە کە چۆن. هەروەها ڕێبازەکەی لە ڕێگەی دەستەواژەیەکی دیکەی ڕیگانەوە کورت دەکاتەوە بۆ "ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە". بەڵام هێشتا ڕەخنە لە ناتۆ و بەرپرسانی باڵای سەربازی ئەمەریکا دەگرێت. ترامپ سەبارەت بە بەرپرسانی پنتاگۆن وتی "من ئەوان بە سەرکردە نازانم". چەندین جاریش ستایشی دەسەڵاتدارانی وەک ڤیکتۆر ئۆربانی هەنگاریا و ڤلادیمێر پوتنی ڕووسیای کردووە. کۆچبەری ترامپ لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016ەوە، بووەتە داڕێژەری "گەورەترین بەرنامەی دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵ لە مێژوودا." سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا داوای بەکارهێنانی پاسەوانی نیشتمانی و بەهێزکردنی هێزەکانی پۆلیسی ناوخۆی کردووە بۆ بەرنگاربوونەوەی کۆچبەران. ئەو هێشتا وردەکارییەکانی ئەم بەرنامەیەی نەخستوەتەڕوو کە چۆن جێبەجێ دەکریت و ئایا تەنها ئەوانەی بەڵگەی یاسایی مانەوەیان نییە دەکاتە ئامانج یان کەسانی دیکەش. هەروەها ڕایگەیاندووە کۆتایی بە هاووڵاتیبوون لەسەر بنەمای مافی لەدایکبوون دەهێنیت کە ئەمە بە دڵنیاییەوە پێویستی بە گۆڕانکاری دەستوری دەبێت و ڕایشیگەیاندووە سیاسەتەکانی خولی یەکەمی وەک "لە مەکسیک بمێننەوە" دادەمەزرێنێتەوە و ئامادەبوونی کۆچبەرانیش لە شوێنە گشتیەکاندا سنووردار دەکات. سنووردارکردنی توند یان قەدەغەکردنی هاتن بۆ ئەمەریکا بۆ هەندێک نەتەوەی زۆرینە موسڵمان دەخاتەوە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەمەش واتە ئەو ڕێبازە تەنها سەرکوتکردنی کۆچی نایاسایی نابێت، بەڵکو کۆچبەری بە گشتی بۆ ئەمەریکا کەمدەکاتەوە. لەباربردنی منداڵ ترامپ پرسی لەباربردنی منداڵی بۆ ئەم خولەی سەرۆکایەتییەکەی پشتگوێ خست، ئەمەش لەکاتێکدا پشتیوانی لە بڕیارەکەی دادگای باڵا کردبوو بۆ یاسای کۆتاییهێنان بە دووگیانی لەسەر ئاستی حکومەت و گەڕاندنەوەی ڕێساکانی لەباربردن بۆ ژیر دەسەڵاتدارانی ویلایەتەکان. بۆ یەکەمجار لە ماوەی دەیان ساڵدا، لەسەر پێداگری ترامپ، پلاتفۆرمی پارتی کۆمارییەکان، داوای قەدەغەکردنی نیشتمانی لەباربردنی منداڵی نەکرد. ترامپ پێداگری دەکات کە هەڵوەشاندنەوەی یاسای "ڕۆی دژی وەید" لەسەر ئاستی فیدراڵی بەسیەتی و پێویست نکات زیاتر لەوە لەسەری بڕوات. هەروەها مانگی ڕابردوو لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای خۆی تروت سۆشیال ڕایگەیاند ڤیتۆی قەدەغەکردنی لەباربردنی منداڵ لەسەر ئاستی فیدراڵی دەکات ئەگەر بێتو یاسایەکی لەو شێوەیە بخرێتە سەر مێزەکەی بۆ واژوکردن. بەڵام ڕوون نییە کە ئایا بەرێوبەرایەتییەکەی بە شێوەیەکی ڕژد ڕووبەڕووی ئەو پرسە یاساییانە دەبێتەوە کە هەوڵدەدەن دەستڕاگەیشتن بە حەبی لەباربردن سنووردار بکەن وەک ئەوەی ئیدارەی بایدن کردوویەتی یان نە. شرۆڤەکاران دەڵێن پێناچێت ترامپ ڕێنماییەکانی بایدن جێبەجێ بکات کە داوای دەکرد نەخۆشخانەکان دەبێت لەباربردنی منداڵ بۆ ئەو ژنانە دابین بکەن کە لە حاڵەتی فریاگوزاری پزیشکیدان، تەنانەت لەو ویلایەتانەی کە قەدەغەیان لەسەرە. باج سیاسەتەکانی باجی ترامپ بە شێوەیەکی بەرفراوان بە ئاراستەی کۆمپانیاکان و ئەمەریکاییە دەوڵەمەندەکاندا دەڕوات. ئەوەش زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ بەڵێنەکەی بۆ درێژکردنەوەی چاکسازی گشتی باجی ساڵی 2017، لەگەڵ چەند گۆڕانکارییەکی بەرچاو کە بریتین لە دابەزاندنی ڕێژەی باجی داهاتی کۆمپانیاکان لە 21%ی ئێستا بۆ 15%. هەروەها ئەوەش بریتییە لە گەڕانەوەی باجی داهات لەسەر دەوڵەمەندترین ئەمەریکاییەکان کە لەلایەن بایدنەوە خرابووە بەرنامەوە. سەرەڕای ئەم سیاسەتانە، ترامپ زیاتر جەختی لەسەر کۆمەڵیک پێشنیاری نوێ کردووەتەوە کە ئامانجیان چینی کرێکار و چینی مامناوەندی ئەمەریکایە، لەوانە لێخۆشبوونی باج لەسەر پارەی ئەنعامی کرێکاران، پارەی سوشال سێکیوریتی و داهاتی کاری زیادە. باجی گومرگی و بازرگانی هەڵوێستی ترامپ سەبارەت بە بازرگانی نێودەوڵەتی بریتییە لە متمانە نەکردن بە بازاڕەکانی جیهان و دەڵێت زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەگەیەنن. ئەو پێشنیاری باج لە 10% بۆ 20% لەسەر کاڵا بیانییەکان دەکات و لە هەندێک وتاریدا باسی لە ڕێژەی سەدی زیاتری کردووە. ئەو هەروەها بەڵێن دەدات فەرمانی جێبەجێکاری مانگی هەشتی ساڵی 2010 دابمەزرێنێتەوە کە داوا دەکات حکومەتی فیدراڵی دەرمانی "پێویست" تەنها لە کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان بکڕێت. ئەو بەڵێن دەدات کە ڕێگری لە کڕینی "هەر ژێرخانی گرنگ" لە ئەمەریکا لەلایەن کڕیارانی چینییەوە بکات. کۆمەڵگەی پەلکە زێڕینە و مافە مەدەنییەکان ترامپ خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی جەختکردنەوە کۆمەڵایەتییەکانە لەسەر هەمەچەشنی و پاراستنی یاسایی بۆ هاوڕەگەزخوزان و کەمایەتییە جێندرییەکانە و داوای کردووە کۆتایی بە بەرنامەکانی هەمەچەشنی و یەکسانی و گشتگیری لە دامەزراوەکانی حکومەتدا بهێنرێت. سەبارەت بە مافەکانی ڕەگەزگۆڕاوەکان، ترامپ بەڵێن دەدات بەگشتی کۆتایی بە بوونی کوڕان لە وەرزشی کچان بهێنێت. هەروەها ترامپ سیاسەتی ئیدارەی بایدن بۆ درێژکردنەوەی پاراستنی مافە مەدەنییەکانی خوێندکارانی ڕەگەزگۆڕاو هەڵدەوەشێنێتەوە و داوا لە کۆنگرێس دەکات تەنها ڕەگەزی کاتی لەدایکبوونی خوێندکاران بە فەرمی بناسرێن. ڕێکخستن و بیرۆکراسی فیدراڵی و دەسەڵاتی سەرۆکایەتی سەرۆکی هەڵبژێردراو هەوڵدەدات ڕۆڵی بیرۆکراتە فیدراڵیەکان و ڕێساکان لە سەرانسەری کەرتە ئابوورییەکان کەم بکاتەوە. ئەو بەڵێنی دابەزینی بەرچاوی پارەی خزمەتگوزارییەکانی ماڵە ئەمەریکاییەکان دەدات بە لابردنی بەربەستەکانی بەردەم بەرهەمهێنانی سووتەمەنی بەردین، لەوانەش کردنەوەی هەموو زەوییە فیدراڵیەکان بۆ گەڕان و دەرهێنانی نەوت، هەرچەندە بەرهەمهێنانی وزەی ئەمەریکا لە ئێستاوە لە بەرزترین ئاستیدایە. ترامپ بەڵێن دەدات کە بیناسازی خانووبەرە بە بڕینی ڕێساکان ئازاد بکات، هەرچەندە زۆربەی یاساکانی بیناسازی لە حکومەتی ویلایەت و ناوخۆییەوە دێن. هەروەها دەڵێت کۆتایی بە "داواکارییە بێ بایەخەکان لەلایەن توندڕەوانی ژینگەپارێزەوە" دەهێنێت. ئەم ڕێبازە لە زۆر ڕووەوە کاریگەری دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەهێز دەکات. ئەو دەسەڵاتەی ڕاستەو لە کۆشکی سپییەوە دێت. ئەو هەروەها ئاسانکاری دەکات بۆ دەرکردنی کارمەندانی فیدراڵی، ئەمەش لە ڕیگای پۆلێنکردنی هەزارانیان کە دەلێت لەدرەوەی پاراستنی خزمەتگوزاری شارستانین و ئەمەش دەتوانێت دەسەڵاتی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی یاسا و ڕێساکان لاواز بکات بە کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو کارمەندانەی کە بەشداری کارەکە دەکەن. ترامپ هەروەها بانگەشەی ئەوە دەکات کە سەرۆکەکان دەسەڵاتی تایبەتیان هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی خەرجییە فیدراڵیەکان، تەنانەت دوای ئەوەی کۆنگرێس پارەی شوێنەکانی تەرخانکردووە. دەشڵێت ئەرکی دەستوری سەرۆک بۆ "بە دڵسۆزی جێبەجێکردنی یاساکان" بریتییە لەەوەی دەسەڵاتی هەبێت سەبارەت بەوەی کە پارەکە خەرج بکات یان نا. ئەم لێکدانەوەیە دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی شەڕی دادگا لەگەڵ کۆنگرێسدا. هەروەها پێشنیاری کردووە بانکی فیدراڵی کە دامەزراوەیەکی سەربەخۆیە و ڕێژەی سوود دەستنیشان دەکات، پێویستە زیاتر بچێتە ژێر دەسەڵاتی سەرۆکایەتییەوە. هەرچەندە وردەکارییەکانی پێشکەش نەکردووە، بەڵام هەر هەنگاوێکی لەو جۆرە نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی گرنگ دەکات لە چۆنیەتی کارکردنی سیستەمی ئابووری و دراوی ئەمەریکا. پەروەردە وەزارەتی پەروەردەی فیدراڵی لە خولی دووهەمی سەرۆکایەتی ترامپدا دەکرێتە ئامانج. ئەوە پێشنیاری ئەوە دەکات بەکارهێنانی بودجەی فیدراڵی وەکو ئامرازێک بۆ فشارخستنە سەر سیستەمی قوتابخانەکانی K-12 بەکار بهێنریت بۆ هەڵوەشاندنەوەی وەرگرتنی مووچەی شایستەیی بۆ مامۆستایان و هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەکانی هەمەچەشنی لە هەموو ئاستەکانی پەروەردەدا و هەروەها داوای ڕاکێشانی بودجەی فیدراڵی دەکات "بۆ هەر قوتابخانەیەک یان بەرنامەیەک کە پاڵ بە تیۆری ڕەگەز گۆڕین، ئایدیۆلۆژیای جێندەری، یان هەر ناوەڕۆکی نەشیاوی تری ڕەگەزی، سێکسی، یان سیاسییەوە بنێت لەسەر منداڵەکانمان." لە خوێندنی باڵادا، ترامپ پێشنیاری کۆنتڕۆڵکردنی پرۆسەکانی وەرگرتنی بڕوانامە بۆ کۆلێژەکان دەکات، هەنگاوێک کە بە "چەکی نهێنی" خۆی وەسفی دەکات دژی "شێتە مارکسییەکان" کە دەڵێت خوێندنی باڵایان کۆنتڕۆڵ کردووە. ترامپ هەروەها پارە بەخشراوەکانی خوێندنی باڵا دەکاتە ئامانج و دەڵێت "ملیاران و ملیارەها دۆلار" لە قوتابخانەکان لەڕێگەی پارەبەخشراوەکانی زانکۆ ئەهلییە زۆر گەورەکان"ئەوە کۆدەکاتەو، لەو قوتابخانانەی کە پابەند نین بە فەرمانەکانییەوە. ئەوەش بە دڵنیاییەوە بە شەڕی یاسایی درێژخایەن کۆتایی دێت. وەک لە بوارەکانی تری سیاسەتدا، ترامپ لە ڕاستیدا پێشنیاری سنووردارکردنی دەسەڵاتی فیدراڵی لە خوێندنی باڵادا ناکات بەڵکو پێشنیاری بەهێزکردنی ئەو دەسەڵاتە دەکات. ئەو داوای ئاڕاستەکردنەوەی پارە بەخشراوەکان دەکات بۆ "ئەکادیمیایەکی ئەمەریکایی" ئۆنلاین کە بڕوانامەی کۆلێژ پێشکەش بە هەموو ئەمەریکییەکان بەبێ ئەوەی پارەی خوێندن وەربگرێت. سوشا سێکیۆریتی، مێدیکەیر و مێدیکەید ترامپ پێداگری دەکات لەسەر بەردامبوونی سوشاڵ سێکیۆریتی و مێدیکەر و ئەو پرۆگرامە بەناوبانگانەی کە ئاراستەی ئەمەریکاییە بەتەمەنەکان دەکرێن و ساڵانە بەشێکن لە گەورەترین خەرجییەکانی فیدراڵی ئەمەریکا. بیمەی تەندروستی بە نرخێکی گونجاو و چاودێریە تەندروستییەکان ترامپ داوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و بازاڕەکانی بیمەی تەندروستی حکومەت کردووە، بەڵام هێشتا پێشنیاری جێگرەوەی بۆ ئەوانە نەکردووە. کەش و هەوا و وزە ترامپ کە بانگەشەی ئەوە دەکات پرسی گۆڕانی کەشوهەوا درۆیە، خەرجییەکانی سەردەمی بایدن بۆ وزەی پاکتر کە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی ئەمەریکا بە سووتەمەنی بەردینی داڕێژراوە، سەرکۆنە دەکات. ئەو سیاسەتێکی وزە و تێچووی ژێرخانەکانی گواستنەوە لەسەر بنەمای سووتەمەنی بەردین پێشنیار دەکات. ترامپ دەڵێت دژایەتی ئۆتۆمبێلی کارەبایی ناکات بەڵام بەڵێن دەدات کۆتایی بە هەموو هاندانەکانی بایدن بهێنێت بۆ هاندانی گەشەپێدانی بازاڕی ئۆتۆمبێلی کارەبایی. مافی کرێکاران ترامپ و جێگرەکەی خۆیان وەک لایەنگری کرێکارانی ئەمەریکا ناوبردووە، بەڵام ترامپ دەتوانێت بوونی سەندیکاکانی کرێکاری قورستر بکات. ئەو لە باسکردنی کرێکارانی ئۆتۆمبێلدا، تەنیا سەرنجی لەسەر هەوڵەکانی بایدن بوو سەبارەت بە پەرەدان بە ئۆتۆمبێلی کارەبایی. کاتێک باسی سەندیکاکانی دەکرد، زۆرجار"سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەندیکاکان"ی وەک هاوبەشی "ئەم پلانە کارەساتبارەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی" بایدنە ناودەبرد. سەرچاوە/AP