ژنانی زیندانی سیاسی داوای ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی دەکەن

دوایین نوێکردنەوە 2024-11-07 22:40:21 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

حەوت زیندانی سیاسی ئێران بۆ پشتگیری لە پەخشان عەزیزی لە بەیاننامەیەکدا سزای دەرکردنی لەسێدارەدان بۆ ئەو چالاکوانە کوردە سەرکۆنە دەکەن و داوا دەکەن هەنگاوی خێرا بۆ ڕزگارکردنی ناوبراو بگیرێتەبەر. ماڵپەڕەکانی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان و هەنگاو مانگی حەوتی ئەمساڵ ڕایانگەیاند عەزیزی، چالاکوانی کورد دوای نزیکەی ساڵێک لەدەستبەسەربوونی لە لایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامی تارانەوە بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگەی ئەندامێتی لە پەژاکدا، سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکراوە. بەغی تۆمەتێکی ئاسایشی و ئەمنییە و بە پێی یاسای سزادانی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەر جۆرە چالاکییەکی چەکداری دژ بە حکومەت و بنەماکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ژێر ناوی 'بەغی' وەک تاوان پێناسەی بۆ دەکرێت کە بە پێی ماددەی 287 و 288 سزای ئیسلامی کۆماری ئیسلامی ئێران، سزاکەی یان لە سێدارەدان دەبێت یان سزای زیندانیکردنی درێژخایەن دەگرێتەوە. پێشتر مازیار تاتایی و ئەمیر ڕەئیسیان، دوو پارێزەری پەخشان عەزیزی سەبارەت بە تۆمەتەکانی سەر پەخشان ڕایانگەیاندبوو "ئەم سزایەی لە سێدارەدان بە تۆمەتی بەغی کە بۆ پەخشان دەرچووە، واتە وەک ئەندامی گرووپیکی چەکدار کە چالاکی چەکداری دژی حکومەت ئەنجامداوە، ئەمەش لە کاتێکدا کە پەخشان عەزیزی نەک هەر چالاکی چەکداری نەبووە، بەڵکو لە بنەڕەتدا حەوت ساڵ لە عێراق و سوریا بووە و دوای هێرشی داعش ڕۆیشتووەتە کەمپەکانی ئاوارەکانی ڕۆژئاوا و بە لەبەرچاوگرتنی بواری خوێندنەکەی کە یارمەتیدەری کۆمەڵایەتی بووە، یارمەتی پەنابەران و بریندارەکانی هەڵهاتووی دەستی داعشی داوە." لەدوایین چالاکیدا بۆ ڕاگرتنی سزاکەی سەر پەخشان، ئەم حەوت ژنە زیندانییە لە بەیاننامەکەیاندا داوای هەوڵەکان دەکەن بۆ ڕزگارکردنئ و دەڵێن  بوون لە ناوچەکانی شەڕدا و هاوکاریکردنی ژن و منداڵانی لێقۆماو، تاوان نییە بەڵکو جێگای دەستخۆشییە و وەڵامەکەی سزای لەسێدارەدان نییە. گۆلرۆخ ئیرایی، ناهید خوداجو، وەریشە مورادی، مریەم یەحیەوی، ڕێحانە ئەنسراری، سەکینە پەروانە و نەسرین خەزری جەوادی ئەو حەوت زیندانییە سیاسییەن کە واژۆیان لەسەر بەیاننامەکەیە و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە پێش ئەوی درەنگ بێت، بەر بە جێبەجێکردنی سزای ئەو چالاکوانە کوردە بگرن. بە پێی ڕاگەیاندنی ماڵپەڕەکانی مافی مرۆڤ لە نێویاندا هەرانا، دۆسیەی پەخشان عەزیزی کە سزای لەسێدرەدانی بۆدەرکروە، ماوەی سێ هەفتەیە ڕەوانەی دادگای باڵا کراوە و چاوەڕوانی بڕیاری کۆتایی ئەو دەسەڵاتە دادوەرییە دەکات. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ماوەیەک پیش ئیستا لە بەیاننامەیەکدا داوای کاردانەوەیەکی بەهێزی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد دژی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ پەخشان عەزیزی و هەروەها داوای کرد تۆمەتەکانی دژ بە عەزیزی و هەموو ئەوانەی دیکەش کە ئاشتییانە کاری چالاکەوانی خۆیان کردووە لاببرێن. پەخشان عەزیزی دەرچووی بواری کاری کۆمەڵایەتی لە یەکێک لە زانکۆکانی تاران، یەکەمجار لە کۆتاییەکانی ساڵی 2009 لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران لە دژی لە سێدارەدانی زیندانیانی سیاسی لە کوردستان دەستبەسەر کرا و دوای 4 مانگ لە دەستبەسەربوونی بە کەفالەتی 100 ملیۆن تمەنی ئیرانی ئازاد کرا. عەزیزی دواجار بەهۆی فشار و هەڕەشەی بەردەوامی لایەنە ئەمنی و ئاسایشییەکانی کۆماری ئیسلامی، ئێرانی بەجێهێشتووە و بە مەبەستی ئەنجامدانی توێژینەوە لەسەر دۆخی ژنانی کورد، ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە و دواجاریش بۆ یارمەتیدانی ژنان و منداڵانی هەڵهاتووی دەستی داعش ڕووی لە رۆژئاوا کردووە.