وەزارەتی دادی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی وردەکارییەکانی تۆمەتی تاوانکاری پەیوەندیدار بە پووچەڵکردنەوەی پیلانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ تیرۆرکردنی دانۆڵد ترامپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا بڵاو دەکاتەوە. بەپێی سکاڵایەکی تاوانکاری لە دادگای فیدراڵی مەنهەتن، کە لە مانگی نۆ تۆمار کراوە، بەرپرسێکی نەناسراوی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی فەرمانی بە بریکارێکی حکوومەتی ئێران کردووە کە پلانی چاودێری و دواجار کوشتنی ترامپ دابڕێژێت. بە پێی ئەم سکاڵایە، وا بڕیار بووە ئەگەر ئەم بریکارە پەیوەندیدارە بە سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامییەوە کە بە ناوی "فەرهاد شاکری" ناوی هاتووە و هاووڵاتییەکی ئەفغانییە، ئەگەر نەتوانیت پلانەکەی پێش هەڵبژاردنی ئەمەریکا جێبەجێ بکات، ئەوا پلانی تیرۆرکردنەکەی ترامپ دوابخات بۆ دوای هەڵبژاردن. به پێی دۆسیەکە سوپای پاسداران پێی وابووە کە ترامپ له هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتوو نابێت و لە ئەنجامدا کوشتنەکەی لەدوای هەڵبژاردن ئاسانیت دەبێت بۆیان. فەرهاد شاکری بە کارمەندانی ئێف بی ئای ڕاگەیاندووە بەنیازی ئەوە نەبووە پلانێک بخاتە بەردەم ئێران بۆ تیرۆرکردنی ترامپ لەو ماوە حەوت ڕۆژەی کە سوپای پاسداران داوای کردووە. کریستۆفر ڕی، بەڕێوەبەری پۆلیسی فیدراڵی ئەمەریکا (FBI) بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو تۆمەتانەی ڕۆژی هەینی خراونەتەڕوو، هەوڵی بەردەوام و جێگای شەرمی حکومەتی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر هاووڵاتیانی ئەمەریکا، لەنێویاندا دانۆڵد ترامپ و سەرکردەکانی دیکەی ئەمەریکا و نەیارانی کۆماری ئیسلامی نیشان دەدات. بە وتەی ناوبراو، سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی، وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی بە هاوکاریی تاوانباران و بکوژان، ماوەیەکە پیلانی هێرشکردنە سەر ئەمەریکاییەکان لەسەر خاکی ئەمەریکا دادەڕێژێت و ئەمەش جێگای قەبوول کردن نییە. کریستوفر ڕی وتیشی بە هەوڵێکی چڕ و پڕی ئیف بی ئای، پیلانە کوشندەکان پووچەڵکرانەوە. ناوبراو ڕایگەیاند کە ئێف بی ئای پابەندە بە بەکارهێنانی هەموو سەرچاوەکانی بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی ئەمەریکا لە کۆماری ئیسلامی و هەر دوژمنێکی دیکە کە بەنیازی هێرشکردن سەر ئەمەریکاییەکان بێت. کۆماری ئیسلامی ئێران یەکەمجار نییە هەوڵ بۆ تیرۆرکردنی نەیارانی سیاسی خۆی لە دەرەوەی ئێران و هەروەها کاربەدەستانی پێشووی ئیدارەی ترامپ لە نێویاندا خۆدی ترامپیش بدات. ئەمەریکا لە مانگی نۆی ئەمساڵدا کۆماری ئیسلامیی ئاگادار کردەوە کە هەر هەوڵێک دژی دانۆڵد ترامپ ەک "کردەوەی شەڕ" دەزانێت و مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ماوەیەک پێش ئیستا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی لە ساڵی 2019ەوە لانیکەم 33 جار دەستی لە هەوڵەکان بۆ تیرۆرکردن یان ڕفاندن لە ئەوروپا و ئەمەریکا هەبووە. سەرچاوە/ وەزارەتی دادی ئەمەریکا