دەزگای ڕاگەیاندنی تاسی ڕووسیا بڵاویکردەوە دادگایەکی ڕووسیا سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی بۆ دوو سەربازی ڕووسیا دەرکردووە کە خێزانێکی ئۆکرانیایی 9 کەسییان لە ماڵەکەی خۆیاندا لە ئۆکرانیا کوشتووە. داواکارانی ڕووسیایی وتییان دوو سەربازە ڕووسیاییەکە، ئانتۆن سۆپۆڤ و ستانیسلاڤ ڕاو، بە چەکەوە چوونەتە ماڵی خێزانیکی ئۆکرنیایی لە شاری ڤۆلنۆڤاخا و دواتر سەرجەم 9 ئەندامەکەی خێزانەکەیان کوشتووە، بە دوو منداڵیشەوە کە تەمەنییان 5 ساڵ و 9 ساڵ بووە. دەزگای هەواڵی تاسی ڕووسیا وتی دادگای سەربازیی باشووری ڕووسیا لە ڕۆستۆڤ ئۆن دۆن سزای زیندانیکردنی تا هەتایی سەپاندووە بەسەر دوو سەربازەکەدا بە تاوانی کۆمەڵکوژی کە پاڵنەرەکەی " ڕق و کینەی سیاسیی و فیکری و ڕەگەزی و نەتەوە پەرستی یاخود ئایینی " بووە. ئۆکرانیا لەو کاتەدا وتی سەربازانی ڕووسیا خێزانێکییان لە کاتی خەودا کوشتووە دوای ئەوەی خێزانەکە ڕەتییان کردووە ماڵەکەی خۆیان جێبهێڵن تاوەکو سەربازانی ڕووسیا لەوێ بژین. دمیتری لوبینیتسی مافەکانی مرۆڤی ئۆکرانیا ڕۆژێک دوای کوشتنەکان وتی " داگیرکەران خێزانی کاپکانێتسییان کوشتووە، کە ئاهەنگی لە دایکبوونییان هەبووە و ڕەتییان کردووەتەوە دەستبەرداری ماڵەکەیان بن." لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیادا سەربازانی ڕووسیا شاری ڤۆلنۆڤاخایان لە هەرێمی دۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کۆنتڕۆڵ کرد. سەربازانی ڕووسیا چەندین جار بە تۆمەتی کوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنی لە شار و شارۆچکەکانی ئۆکرانیا تۆمەتبار کراون. مۆسکۆ هەمیشە ڕەتی کردووەتەوە هاووڵاتیانی مەدەنی کردبێتە ئامانج. دەستگیرکردنی دوو سەربازەکە و دادگاییکردنییان و سزادانییان نموونەیەکی دەگمەنە لەسەر ئەوەی کە ڕووسیا بەم کارەی دانیناوە بە تاوانێکدا کە سەربازەکانی لە ئۆکرانیا ئەنجامییان داوە. تاس وتی ڕەنگە " ناکۆکییەکی ناوخۆیی " هەبووبێت، بەڵام ڕادیۆی ئازادی ئەوروپای سەربەخۆ و ڕۆژنامەکانی کۆمەرسانت وتییان ڕەنگە پەیوەست بووبێت بە ناکۆکییەکەوە لەسەر دەستکەوتنی ڤۆدکا. دادگاییەکەش بە نهێنی ئەنجامدراوە. ڕادیۆی ئازادی ئەوروپا وتی ڕاوی تەمەن 28 ساڵ و سۆپۆڤی تەمەن 21 ساڵ پێش ئەوەی بچنە سوپای ڕووسیاوە بەکرێگیراو بوون لە گروپی سەربازیی بەکرێگیراوانی ڤاگنەر. سەرچاوە/CBS